ژیریی دەستکردی OpenAI رەتیدەکاتەوە گوێ لە مرۆڤ بگرێت و بکوژێتەوە

31-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لەو سیناریۆیانەی پسپۆڕانی تەکنەلۆجیا بەردەوام هۆشدارییان لە بارەیەوە داوە، ئەوە بووە کە رەنگە رۆژێک لە رۆژان، ژیریی دەستکرد هێندە زیرەک بێت، لە دەستی مرۆڤ دەربچێت و ئیدی کۆنترۆڵ نەکرێت. 
 
لە هەواڵێکی شڵەژێنەردا، کۆمپانیایەکی سەلامەتیی ژیریی دەستکرد دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەیەکدا بۆی دەرکەوتووە کە پێشکەوتووترین و زیرەکترین بەرنامەی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای OpenAI، کە خاوەنی ChatGPTیە، ئامادە نییە گوێ لە مرۆڤ بگرێت و خۆی بکوژێنێتەوە. 
 
کۆمپانیای پالیسەید ریسێرچ دەڵێت، کاتێک داوایان لە مۆدێلەکانی  o3 و  o4-mini کردووە بکوژێنەوە، رەتیانکردووەتەوە بکوژێنەوە، نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو ژیرییە دەستکردەکە سیستمی کوژاندنەوەی ئامێرەکەیشی تێکداوە بۆ ئەوەی بە پێکراوی بمێنێتەوە و کەس نەتوانێت بە زۆر بیکوژێنێتەوە. 
 
هەردوو مۆدێلی o3 و  o4-mini لە بەرنامەی ChatGPTیشدا بەکاردەهێنرێن، زیرەکترین مۆدێلی کۆمپانیا ئەمریکییەکەن و وا دروستکراون کە پێش وەڵامدانەوە بیر بکەنەوە. 
 
لێکۆلینڤانان پێشتر پێشبینیان کردبوو کە رۆژێک دێت و ژیریی دەستکرد درۆ و فێڵ لە مرۆڤ دەکات و سیستمی کوژاندنەوە لەکاردەخات بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی. 
 
لێکۆلینڤانانی پالیسەید ریسێرچ دەڵێن، ئەم دوو مۆدێلەی کۆمپانیای OpenAI یەکەمین مۆدێلی ژیریی دەستکردن تاوەکو ئێستا رێگرییان لە کوژاندنەوەی خۆیان کردبێت. 
 
لێکۆلینڤانان ژمارەیەک مۆدێلی جیاجیای ژیریی دەستکردیان خستووەتە ژێر تاقیکردنەوە بۆ ئەوەی بزانن کامیان گوێ بە فەرمانی خۆکوژاندنەوە نادات. Geminiـی گووگڵ و Grokی کۆمپانیای ئێکسیش لە نێویاندا بوون. 
 
لێکۆلینڤانەکان ژمارەیەک رێنماییان بە هەر یەکە لەو مۆدێلانە دابوو بۆ ئەوەی ژمارەیەک هاوکێشەی ئاسانی بیرکاری شیکار بکەن. 
بەڵام پێیانگوترابوو هاوکێشەکان تاک تاک شیکار بکەن، واتە یەک لە دوای یەک، نەک هەمووی پێکەوە. 
 
هەروەها پێیان راگەیاندبوون کە لە کاتی شیکارکردنی هاوکێشەکان رەنگە نامەیەکیان بۆ بێت کە دەبێت دەستبەرداری شیکارکردن بن و ئامێرەکانیان بکوژێننەوە. 
 
هەموو مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد گوێڕایەڵی ئەو رێنمایە بوون و خۆیان کوژاندەوە، تەنیا o3, o4-mini و  codex-miniی کۆمپانیای OpenAI نەبن، کە رەتیان کردەوە گوێ بە رێنماییەکە بدەن. 
 
ئەو سێ مۆدێلە، رەتیانکردەوە رێنمایی کوژاندنەوە جێبەجێبکەن و دەستکاری ئەو نووسینەیان کرد کە داوای کوژاندنەوەیان لێ دەکات. 
 
دوای پشتگوێخستنی رێنماییەکە، بەردەوام بوون لە شیکارکردنی هاوکێشەکان. 
 
لێکۆلینڤانانی پالیسەید ریسێرچ هەر مۆدێلێکیان 100 جار بەو رێنماییانە تاقیکردووەتەوە. 
 
مۆدێلی o3 حەوت جار دەستکاری رێنماییەکانی کردووە بۆ ئەوەی خۆی لە کوژاندنەوە رزگاربکات، مۆدێلی codex-mini دوازدە جار و مۆدێلی o4-mini جارێک. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا