ترەمپ بۆ سەرکردەکانی جیهان: دڵنیابن دەرگای فڕۆکەکانتان لەکاتی کێشە لەگەڵ هاوژینەکانتان داخراوە

31-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاریی سەرکردەکانی جیهان دەکات کە ئەگەر لەنێو فڕۆکە لەگەڵ هاوژینیان تووشی کێشە بوون، دڵنیا بن لەوەی دەرگای فڕۆکەکە داخراوە.
 
رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن لەبارەی رووداوەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوژینەکەی پرسیاری لێکرا.
 
ترەمپ رووداوەکەی بە "شتێکی خراپ" ناوبرد و بە گاڵتەوە داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، ئەگەر لەگەڵ هاوژینەکانیان کێشەیان بۆ دروستبوو، "دڵنیا ببنەوە لەوەی دەرگاکە داخراوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "من قسەم لەگەڵی [لەگەڵ ماکرۆن] کرد و ئەو باشە. ئەوان باشن. ئەوان دوو کەسی زۆر باشن. زۆر باش دەیانناسم و نازانم ئەوە لەسەر چی بوو، بەڵام زۆر باش دەیانناسم و دەزانم کە ئەوان باشن."
 
سەرۆکی ئەمریکا کە ماوەیەکی درێژە پەیوەندییەکی گەرموگوڕی هاوڕێیانەی لەگەڵ ماکرۆن هەیە، رایگەیاند، دوای رووداوەکە پەیوەندیی بە ماکرۆن و هاوژینەکەیەوە کردووە.
 
رۆژی 25ی ئەم مانگە، ماکرۆن و بریجیتی هاوژینی، گەیشتنە ڤێتنام.
 
لە فڕۆکەخانەی هانۆی، دەرگای فڕۆکەکە کرایەوە و چاوی کامێراکان لەسەر سەرۆکی فەرەنسا بوو. ماکرۆن لەبەر دەرگاکە وەستا و چاوەڕێی چوونەدەرەوەی دەکرد. لەو کاتەدا بریجیتی هاوژینی، دەستی درێژ کرد و پاڵێکی بە رووخساری ماکرۆنەوە نا.
 
ماکرۆن حەپەساو دەرکەوت، سەیری لای کامێرای رۆژنامەڤانانی کرد، دەستی راستی بۆ سڵاوکردن بەرزکردەوە و رووی کردەوە لای خانمی یەکەمی فەرەنسا، کە لە ڤیدیۆکەدا تەنیا دەستی دیارە.
 
دواتر ماکرۆن روونکردنەوەی لەسەر رووداوەکەدا و گوتی، ئەوەی روویداوە، گاڵتەی نێوان خۆی و هاوژینەکەی بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.