رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو راوێژکاری وڵاتەکەیان دەچێتە ئەمریکا و لەوێ جەنگی ئۆکراینا، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییە بازرگانیەکانیان لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، ستیفان کۆرنیلیوس، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی ئەمریکا دەکات و لەوێ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیانە.
کۆرنیلیوس دەشڵێت، هەردوولا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، "جەنگی ئۆکراینا، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سیاسەتی بازرگانی" دەکەن.
نیگەرانی قووڵ لەنێو وڵاتانی ئەورووپا بەرامبەر سیاسەتە بازرگانییەکانی سەرۆکی ئەمریکا هەیە دوای ئەوەی واشنتن پێناسی گومرگی بەسەردا سەپاندن. دووشەممەی رابردووش راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، دەتوانن بە پێناسی گومرگی وەڵامی ئەمریکا بدەنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر نەتوانین هیچی دیکە بکەین، دەبێت ئەم رێگەیە بەکاربهێنین".
ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە زووترین کات ئاگربەست لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا بکرێت. وڵاتانی ئەورووپاش ترسیان هەیە ئەو ئاگربەستە بە زیان بۆ ئاسایشی کیشوەرەکەیان بشکێتەوە، لەکاتێکدا بەشێکی وڵاتانی رۆژئاوا، رووسیا بە گەورەترین مەترسی لەسەر وڵاتەکانیان دەبینن.
دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بە ئاڵۆزی زۆردا تێدەپەڕێت و هەوڵەکانیش بۆ باشترکردنی دۆخەکە بەردەوامن. دیارترین ئاڵەنگارییەکانی ناوچەکەش جەنگی غەززە، دۆخی کەرتی رۆژئاوا، دۆخی سووریا و رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکانن کە دیارترینیان داعشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ