وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هێرشەکەی عێراق بۆ سەر ئامانجێک بوو کە هەڕەشە بوو بۆ سەر سەربازەکانمان

31-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل بە رووداوی راگەیاند، هێرشەکەیان بۆ سەر ئامانجێک بووە کە هەڕەشە بووە لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان و دەشڵێت، "دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە خەڵکی خۆمان".
 
رۆژی چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا لە 30ـی تەممووز هێرشێکی ئاسمانی بەرگریی لە عێراق کردووە. ئامانجی ئەو کارەش بۆ ئەوە بووە کە رێگە لە هەڕەشەیەک لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بگرن".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "پابەندین بە سەلامەتی و ئەمنییەتی سەرباز و کارمەندەکانمان و دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە خەڵکی خۆمان و بەبەرپرسیار دانانی ئەوانەی کە زیان بە سەرباز و کارمەندەکانی ئەمریکا دەگەیێنن".
 
رۆژی چوارشەممە 31-07-2024 دەستەى حەشدی شەعبی رایگەیاند، کاژێر 21:30ى خولەکى شەوى 30ى تەممووزى 2024 هێرشکراوەتە سەر دوو یەکەى هێزێکى سەر بە لیواى 47ى سەر بەو دەستەیە لە باشوورى شارى بابل، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
 
دەستەى حەشدی شەعبی دەڵێت، هێرشەکە لەڕێگەى چەند مووشەکێک بووە کە بە درۆن ئاراستەى ئەو دوو یەکەیە کراون.
 
هێرشەکە لە ناوچەى سەعیدات بووە لە باشووری بابل و ئەو هێزەى حەشدی شەعبی کە کراوەتە ئامانج، سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى حەشدى شەعبى بووە کە کارکردنیان لە ناوچەکانى نێوەڕاست و رۆژئاواى عێراقە.
 
فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى حەشدى شەعبی رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکەوە چوار چەکداریان کوژران بە ناوەکانى  ئەحمەد نەجم ئەبوزەهرە، حوسێن کەریم، حەیدەر حەسەن و عەلی سادق.
 
پاتێڵ رەتیکردەوە کە باس لە تۆمەتی ئێران سەبارەت بە تێوەگلانی ئەمریکا لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بکات، بەڵام گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ هەموو وڵاتێک و هەموو لایەنێک، ئینجا رژێمی ئێران یان هەر لایەنێکی دیکە بێت، ئەوەیە کە دۆخەکە هێوربکەنەوە و هیچ کارێک نەکەن کە ناوچەکە بەرەو ململانێیەکی فراوانتر ببات".
 
نزیکەی کاژێر 02:00ی بەرەبەیانیی چوارشەممە 31-07-2024 ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە