کەنەدا نیازی وایە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا بنێت و ترەمپ رەخنەی لێدەگرێت

31-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت و سەرۆکی ئەمریکاش رەخنە لەو هەڵوێستەی کەنەدا دەگرێت و رایدەگەیەنێت لەدوای ئەو هەڵوێستە زەحمەتە بتوانن مامەڵە لەگەڵ کەنەدا بکەن و رێککەوتنی بازرگانی نێوانیان جێبەجێ بکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، وڵاتەکەیە بەنیازە لەمیانی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت، ئەمەش کاردانەوەی تووندی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە هۆشداری دایە کەنەدا کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی بازرگانی "زۆر قورس" دەبێت، دوای ئەو هەڵوێستەی کەنەدا.
 
کارنی لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەنگاوەی کەنەدا "پێویست بووە و هەنگاوێکە لەپێناو پاراستنی چارەسەر دوو دەوڵەتی، کە بەهۆی جەنگی غەززە بەبەرچاومانەوە ئەو چارەسەرە لەنێودەبرێت."  
 
دوای ئەو بڕیارەش، ترەمپ لە پۆستێکدا لە سۆشیال تروس بڵاویکردەوە، "واو! کەنەدا، کەمێک لەمەوبەر رایگەیاند پشتگریی لە دەوڵەتی فەلەستین دەکات. ئەوە بۆ ئێمە زەحمەتە رێککەوتنی بازرگانیان لەگەڵدا بکەین. ئۆهە کەنەدا!".
 
کەنەدا لەماوەی هەفتەی رابردوودا بووە سێیەم وڵاتی ئەندامی وڵاتانی گرووپی 7، لەدوای هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا کە رایبگەیەنن لەمانگی ئەیلوولی داهاتوو لەمیانی 80ـەیەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا بنێن، بەڵام بەریتانیا مەرجی داناوە و رایگەیاندووە ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوول ئیسرائیل دۆخی غەززە ئاسایی بکاتەوە و ئاگربەست رابگەیێنێت، ئەوا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نانێت. 
 
بە کەنەداوە، تاوەکو ئێستا 15 وڵات ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە