رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی خوازیارە کورد "وەک ئەندامی تەواوەتیی کۆمەڵگەی سووری لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا بمێنێتەوە."
سێرگی لاڤرۆڤ رۆژی پێنجشەممە لە مۆسکۆ، پێشوازی لە ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سووریاییەکی کرد. ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی بەرپرسێکی حکومەتی نوێی دیمەشقە بۆ رووسیا، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، سەرەڕای پشتیوانیی چەندین ساڵەی رووسیا، لە ئەنجامی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆندا لە دەسەڵات دوورخرایەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژانامەڤانیی هاوبەشدا، لاڤرۆڤ لەبارەی پرسی پێکهاتەکان و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەیلوولی ئەمساڵی سووریا گوتی: "بێگومان ئێمە دەمانەوێت ئەم هەڵبژاردنانەی سووریا گشتگیر بن، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان مافی بەشداریکردنیان لە پێکهێنانی دامەزراوە نوێیەکانی یاساداناندا هەبێت."
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بە پرسی کورد کرد و رایگەیاند، "هەر لەم بارەیەوە، ئێمە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و گرووپە کوردییەکانمان تاوتوێ کردن. بێگومان ئێمە دەمانەوێت کورد وەک ئەندامی تەواوەتیی کۆمەڵگەی سووری لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا بمێننەوە."
هاوکات شەیبانی رایگەیاند، سووریا خوازیاری پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ رووسیا و دەیەوێت مۆسکۆ "پشتیوان"ی دیمەشق بێت.
سەرەڕای ئەوەی لە کاتی شەڕی نێوخۆدا لە دوو بەرەی دژ بەیەکدا بوون، حکومەتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەر، هەوڵی داوە پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ مۆسکۆ دروست بکات.
بەشار ئەسەد هاوپەیمانی رووسیا بوو و دەستوەردانە سەربازییەکەی مۆسکۆ لە دەیەی رابردوودا بۆ پشتیوانیکردن لێی، هاوکێشەی شەڕی نێوخۆی سووریای گۆڕی و بۆ چەندین ساڵ ئەسەدی لە دەسەڵاتدا هێشتەوە. بەڵام کاتێک گرووپە چەکدارەکان ساڵی رابردوو هێرشێکی نوێیان دەستپێکرد، رووسیا جارێکی دیکە بۆ رزگارکردنی ئەسەد دەستوەردانی نەکرد.
دوای رووخانی، ئەسەد پەنای بردە بەر رووسیا و دواتر لە پۆستێکدا لە فەیسبووک رایگەیاند، ویستوویەتی لە وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە شەڕکردن، بەڵام رووسەکان ئەویان بردووەتە دەرەوە.
شاندێکی رووسی لە مانگی کانوونی دووەمدا سەردانی دیمەشقی کرد و مانگی دواتریش، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شەرع ئەنجامدا، کە کرێملین بە "بنیاتنەر و جدی" وەسفی کرد. بەشێک لە هێزەکانی رووسیا لە کەناراوەکانی سووریا ماونەتەوە و بەپێی هەندێک راپۆرت، رووسیا چەندین بار نەوتی بۆ سووریا ناردووە.
وەزیری دەرەوەی سووریا بێ ئەوەی ناوی ئەسەد بهێنێت، داوای لە رووسیا کرد پشتیوانی لە پرۆسەی "دادپەروەریی راگوزەر"ی وڵاتەکە بکات و گوتی، سووریا لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ رووسیا.
لەبارەی ئیسرائیلەوە، شەیبانی رەخنەی لە "دەستوەردانی ئیسرائیل لە کاروباری نێوخۆ" گرت و گوتی، ئەمە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا ئاڵۆز دەکات. وەزیری دەرەوەی سووریا گوتیشی: "زۆر وڵات دەیانەوێت ئارامی و ئاسایش لە سووریا هەبێت، بەڵام هەندێکی دیکە دەیانەوێت سووریایەکی لاواز و دابەشکراو ببینن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە حکومەت توانای پاراستنی کەمینەکانی نییە یان کێشەی نێوخۆیی هەیە."
هەروەها جەختی کردەوە: "حکومەتی نوێی سووریا لە یەکەم رۆژەوە گوتوویەتی کە هیچ نیازێکی دوژمنکارانەمان بەرامبەر ئیسرائیل نییە. ئێمە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکەین. سووریا تەنیا دەیەوێت خۆی بنیاد بنێتەوە. لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا لە شەڕ ماندوو بووین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ