ترەمپ بۆ رووداو: توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەنێوبردن و سڕدرانەوە

01-08-2025
دیار کوردە @diyarkurda
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رووداو دا رایگەیاند، "ئێران رەفتاری زۆر خراپ بووە. توانا ئەتۆمییەکانیان لەنێوبردران، کە توانایان هەبوو لە سێ چوار هەفتەدا [چەکی ئەتۆمی] دروست بکەن، لەنێوبردران. سڕدرانەوە".
 
بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، لیژنەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێیان گوتووە، بنکە ئەتۆمییەکان وێران بوون.
 
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن وەکو نوێنەری پۆڵی میدیای بیانی لە کۆشکی سپی بەشداری کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی دۆناڵد ترەمپی کرد.
 
دیار کوردە لە پرسیارەکەیدا گوتی، دەتانەوێ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکەنەوە و گفتوگۆی راستەوخۆتان هەبێت یان دۆخی ئێستاتان پێ خۆشە کە هیچ رێککەوتنێکتان لەگەڵ ئێران دا نییە؟
 
دۆناڵد ترەمپ لە وەڵام دا رایگەیاند، "ئەوان [ئێران] دەتوانن دووبارە دەستپێبکەنەوە، بەڵام پێویستە لە شوێنێکی دیکە دەستپێبکەنەوە، چونکە ئەو شوێنانە لێیاندرا. من پێتانی دەڵێم، ئەو کارەی ئەم فڕۆکەوانانە کردیان، بە بۆمبهاوێژی بی توو، کە ئامێری بڕواپێنەکراون، 36 کاژێر بێوچان گەشتیان کرد و لە هەموو ئامانجێکیان دا. هەموو بۆمبێک رێک لە ئامانجەکەی دا. دواتریش وەک خۆتان دەزانن، ئێمە 30 مووشەکمان لە کەشتییە ژێردەریاییەکانەوە هاویشتن کە سەتان میل دوور بوون، بەڵام ئەوانیش هەموو ئامانجەکانیان پێکا. بۆیە، ئەوان دەتوانن دەستپێبکەنەوە، بەڵام ئەوان قسەی راستیان نەکردووە، من دەڵێم کە ئێران راستییەکەی نەگوتووە، ئەوان جوان قسەیان نەکردووە و پێویستە جوان قسە بکەن".
 
 
مانگی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرسا کە بە هێرشی تەل ئەڤیڤ بۆ سەر تاران دەستیپێکرد.
 
ئەمریکا ئەگەرچی سەرەتا رایگەیاند بە راستەوخۆ بەشداریی جەنگەکە ناکات، بەڵام لە دوایین رۆژەکان دا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.
 
لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا تەواوی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وەستێندراون؛ لەکاتێکدا پێش ئەو رووداوە، چەندین گەڕی دانوستانی نێوانیان بەڕێوەچووبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.