هەفتەی داهاتوو ئەردۆغان و پووتین کۆدەبنەوە

31-08-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی رووسیا لە سۆچی رووسیا کۆببنەوە.
 
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی رووسیا TASS بڵاویکردەوە، رۆژی 4ی ئەیلوولی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سۆچی کۆدەبنەوە. هەرچەندە بڕیاربوو دیدارەکە لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووز بکرایە، بەڵام دیدارەکەی رۆژی 7ی تەممووزی نێوان ئەردۆغان - زێلێنسکی لە ئیستەنبووڵ و رادەستکردنەوەی دیلەکانی ئۆکراینی کە چەند فەرماندەیەکی ئۆکراینی بوون، لایەنی رووسیی نیگەران کرد.
 
هەروەها پاڵپشتیکردنی تورکیا بۆ ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆ، هێندەی دیکە رووسەکانی دڵگران کرد و ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی ئەردۆغان - پووتین بۆ وادەیەکی نادیار دوابخرێت.
 
ئاژانسی TASS باس لەوە دەکات، یەکێک لە رۆژەڤەکانی سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ مۆسکۆ و دیدارە دوو قۆڵییەکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤی هاوشانە رووسیاییەکەی، ئامادەکاری بوو بۆ ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان - پووتین. جەخت لەوەش دەکاتەوە، تورکیا مکوڕە بۆ ئەنجامدانی دیدارەکە.
 
باس لەوەش کرا، لە دیدارەکەی نێوانیاندا بڕیارە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ - ئەنقەرە، میکانیزمی گواستنەوەی دانەوێڵەی رووسیا بۆ وڵاتانی ئەفریقا، کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئیستەنبووڵ بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا، دوایین پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا - ئۆکراینا و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکان دەخرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
 
تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، راگەیێندراوی لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بڵاونەکردووەتەوە.
 
لەوەتەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا سەریهەڵداوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان 13 جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کردووە و چوار جار کۆبوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریش مێرتس

فرێدریش مێرتس بە سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات هەڵبژێردرایەوە

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ساڵێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی، بە بەدەستهێنانی 91%ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، وەک سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات (CDU) هەڵبژێردرایەوە