رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، کەسێک بە ماتۆڕسکیلێکەوە خۆی بە کاروانێکی سوپای وڵاتەکەدا تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە لانیکەم نۆ سەربازی سوپا کوژراون و 20 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 سوپای پاکستان رایگەیاند، تەقینەوەکە لە ناوچەی بانوو لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا لە رۆژئاوای وڵاتەکە روویداوە و گوتیشی، "خۆکوژەکە بە ماتۆڕسکیلێک خۆی کردووە بەنێو کاروانێکی سوپادا؛ نۆ سەرباز کوژراون و 20ی دیکەش بریندار بوون."
تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە و بەرپرسانیش ئاماژە بەوە دەکەن، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆئەوەی پاڵنەری پشت رووداوەکە بدۆزنەوە.
دوای رووداوەکەش ئەنوەر حەق، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری پاکستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رووداوەکەی بە "کردارێکی تیرۆریستی ترسنۆکانە" ناوبرد.
ئەو ناوچەیە بە پێگەیەکی بەهێزی پارتە ئیسلامییەکان و گرووپە چەکدارەکان ناسراوە و لە ساڵانی رابردوویشدا سوپای پاکستانی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو ناوچەیە ئەنجامداوە.
رۆژی 30-07-2023 لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە هەمان ناوچەی پاکستان لە نێو کۆنگرەی پارتی جەماعەی عولەمای ئیسلامیی پاکستانی لانیکەم 40 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ