کۆمپانیای سیمێنس چێشتخانەی زیرەک دروستدەکات؛ 'کەرەستەکانی پێکەوە قسە دەکەن'

02-09-2023
رووداو @Rudawkurdish
چێشتخانەی زیرەک
چێشتخانەی زیرەک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشانگەی کەرەستەی کارەبایی ناوماڵی بەرلین، کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بەرهەمە زیرەکەکانیان نمایش دەکەن. ئامێری زیرەکی ئامادەکردنی قاوە و ئامێری چێشتلێنەری زیرەک کە وێنەی خواردنەکەت دەگرێت بۆئەوەی چاودێریی کوالێتییەکەی بکەیت، چەند نموونەیەکن لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای سیمێنس.
 
مایکل مێنێرت، بەڕێوەبەری کەرەستەکانی ناوماڵ لە کۆمپانیای سیمێنس دەڵێت، "شتەکان زیاتر بە ئۆتۆماتیک دەکرێن. بە رێگەی خۆیاندا دەڕۆن. کەرەستەکانی ئێمە تەنانەت پێکەوە قسە دەکەن. زیاتر گوێڕایەڵی بەکارهێنەرانن کاتێک داوایان لێدەکەن کارێک بکەن."
 
لە چێشتخانەی زیرەکی سیمێنس، تەنیا لە رێگەی قسەکردنەوە لەگەڵ ئامێرەکان دەتوانیت بەکاریان بخەیت. چێشتلێنەری نوێی سیمێنس بەپێی ئەو خواردنەی کە ئامادەی دەکەیت، خۆی پلەی گەرمییەکەی دادەنێت و کامێرایەکیشی هەیە کە دەتوانیت لە هەموو قۆناخێکدا چاودێریی خواردنەکەت بکەیت.
 
کۆمپانیای (میلە)، یەکێکی دیکەیە لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان، گسکێکی کارەبایی دروستکردووە کە رزگارت دەکات لە وایەر کە لە کاتی خاوێنکردنەوەی ماڵەکەت لێکدەئاڵێت و هەراسانت دەکات. گسکی کارەبایی (دوفلێکس ئێچ ئێکس وان) کیسەکەشی لە ماددەی ریسایکلکراو دروستکراوە و بەو پێیەش دۆستی ژینگەیە.
 
د. مارکۆس میل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ( میلە) دەڵێت، "80%ی ئەم کیسەیە لە ماددەی ریسایکلکراو دروستکراوە. قەبارەکەی 3.4 لیترە کە بواری خاوێنکردنەوە زیاتر دەکات و 99.99%ی کاری فیلترینگیش دەکات."
 
پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنۆلۆجیا و کەرەستەی کارەبایی بەرلین لە رۆژی 1ی ئەیلوول کرایەوە و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت. تەمەنی پێشانگەکە 99 ساڵە و بە یەکێک لە کۆنترین پێشانگەکانی ئەڵمانیا دادەنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە