ماکرۆن 'هیواخوازە' بەغدا و هەولێر لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراق پێکەوە کار بکەن

31-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری فەرەنسا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاندووە، "هیواخوازە حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی عێراق پێکەوە کار بکەن و پاریس پابەندە بە سەروەریی خاکی عێراق و سیستمە فیدڕاڵییەکەی کە لە دەستووردا چەسپێندراوە."
 
راگەیێندراوێکی ئیلیزێ ئاماژە بەوە دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی سێشەممە 29ی ئاب بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کردووە.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ماکرۆن "پابەندبوون و گرینگیدانی فەرەنسای بە سەروەری، ئاسایش و فرەڕەنگیی عێراق و سیستمی فیدڕاڵییەکەی کە لە دەستووری عێراقیدا هاتووە، بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە." ئیلیزێ دەشڵێت، "سەرۆککۆماری فەرەنسا هیوای خواست ببینێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی عێراقدا پێکەوە کار بکەن."
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانیان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن باسیان لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کردووە.
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان دوای ئەوە هات کە سێ سەربازی فەرەنسی لە ماوەی 11 رۆژدا لە عێراق گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان بە گوتەی ئیلیزێ، "لە شەڕی دژی تیرۆردا" کوژراوە.
 
ئیلیزێ دەڵێت، ماکرۆن "بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی دووپاتکردەوە کە فەرەنسا پابەندە بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پاڵ حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەروەها جەختی لە پاڵپشتیی فەرەنسا بۆ خەڵکی عێراق کردەوە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە لە داعش رزگار کراون."
 
"لە بەرامبەر ئەوەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی سەرۆککۆماری کرد و سەرەخۆشیی خۆی لە بارەی ئەو سێ سەربازە فەرەنسییە دەربڕی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە کاتی ئەرکەکەیان لە عێراق گیانیان لەدەستدا،" ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوکەدا هاتووە.
 
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە 30ی تشرینی دووەم لووتکەیەکی نێودەوڵەتی لە بەغدای پایتەختی عێراق بە سەرپەرشتیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکەیە.
 
ئیلیزێ دەڵێت، ماکرۆن و سوودانی ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسەکەیان تاوتوێ کرد کە لە ژێر ناونیشانی کۆنفرانسی سێیەمی هاریکاری و هاوبەشیی بەغدا بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی کە کۆنفرانسی یەکەم لە ساڵی 2021 لە بەغدا و دووەمیشی لە ساڵی 2022 لە عەممانی پایتەختی ئوردن کران. 
 
ئیلیزێ باس لەوە دەکات، ماکرۆن و سوودانی "هیوایان خواست کە ئەم کۆنفرانسە رێگەخۆشکەر بێت بۆ پڕۆژەی سوودبەخش بۆ عێراق و پێکەوە کارکردنی هەرێمی، بە تایبەتی لە بواری وزە، ژینگە، بەڕێوەبردنی ئاو و تەنانەت گواستنەوەش."
 
رێککەوتنی هاوبەشیی ستراتیجی کە کانوونی دووەمی 2023 لە سەردانێکی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا واژۆ کرا، بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان دوو سەرکردەکە بوو.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا:
 
"سەرۆککۆمار ئەم سێشەممەیە، 29ی ئابی 2023، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. 
 
سەرۆککۆمار بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی دووپاتکردەوە کە فەرەنسا پابەندە بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پاڵ حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەروەها جەختی لە پاڵپشتیی فەرەنسا بۆ خەڵکی عێراق کردەوە، بە تایبەتە لەو شوێنانەی کە لە داعش رزگارکراون. لە بەرامبەر ئەوەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی سەرۆککۆماری کرد و سەرەخۆشیی خۆی بۆ ئەو سێ سەربازە فەرەنسییە دەربڕی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە کاتی ئەرکەکەیان لە عێراق گیانیان لەدەستدا. 
 
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی سێیەمی هاریکاری و هاوبەشیی بەغدایان تاوتوێکرد کە 30 تشرینی دووەم لە بەغداد بەڕێوەدەچێت. هیوایان خواست کە ئەم کۆنفرانسە رێگەخۆشکەر بێت بۆ پڕۆژەی سوودبەخش بۆ عێراق و پێکەوەکارکردنی هەرێمی، بە تایبەتی لە بواری وزە، ژینگە، بەڕێوەبردنی ئاو و تەنانەت گواستنەوەش. 
 
هەروەها باسیان لەو رێککەوتنی هاوبەشیی ستراتیجی و دەرفەتەکانی داهاتووی رێککەوتنەکەیان کرد کە کانوونی دووەمی 2023 لە سەردانێکی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا واژۆکرا. سەرۆککۆمار پابەندبوون و گرینگیدانی فەرەنسای بە سەروەری، ئاساییش و فرەڕەنگیی عێراق و سیستمی فیدڕالییەکەی کە لە دەستووری عێراقیدا هاتووە، بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی دووپاتکردەوە. 
 
لە کۆتاییشدا، سەرۆککۆمار هیوای خواست ببینێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی عێراقدا پێکەوەکاربکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە