رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا فەرماندەی هێزەی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ئەرکەکەی دوورخستەوە.
ماڵپەری فەرمیی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا مایکۆلا ئۆلیشچەک، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ئەرکەکەی دوورخستووەتەوە.
زیلینسکی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بڕیارم داوە کەسێکی دیکە وەک فەرماندەی هێزی ئاسمانی دەستنیشان بکەم."
زیلینسکی ئاماژەی بە هۆکاری دوورخستنەوەی فەرماندەکە نەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە، "دەبێت گەلەکەمان بپارێزین. دەبێت کارمەندانی هێزی ئاسمانی بپارێزرێن و ئاستی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بەرزبکرێتەوە."
دووشەممەی رابردوو سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، یەکێک لە فڕۆکە ئێف 16ـەکانی لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی رووسیادا تێکشکاوە و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا سوپای ئۆکراینا راینەگەیاندووە، فڕۆکەکە لەلایەن رووسیاوە تێکشکێندراوە. هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا دەڵێت، لەگەڵ شارەزایانی ئەمریکی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەبارەی تێکشکانی فڕۆکەکە کردووە.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، پێناچێت فڕۆکەکە لەلایەن رووسیاوە کرابێتە ئامانج.
ئۆکراینا لەلایەن هۆڵەندا، دانیمارک، نەرویج و بەلجیکاوە بەڵێنی ئەوەی پێدراوە لانیکەم 79 فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16ـی بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا ئاماژە بەوە دەکەن، تەنیا 10 دانە لەو فڕۆکانەیان بەدەستگەیشتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ