پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی عێراق لە چین سوپاسنامەیەک پێشکێشی پەیامنێری رووداو دەکات

31-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی عێراق لە چین سوپاسی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لەو وڵاتە لە رووماڵکردنی راستییەکان بە "بوێری و بابەتییانە" و دەڵێت: "وێنەیەکی شەرەفمەندانەی میدیاى عێراق و هەرێمی کوردستانتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشانداوە."
 
ئەو سوپاسنامەیە لە نووسراوێکی فەرمیی بووە کە لیوا روکن مەسعود ساڵح زاخۆیی، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی عێراق لە چین ئاراستەی مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لە چین کردووە.
 
لە نووسراوەکەدا پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی عێراق لە چین سوپاسی پەیامنێرەکەی رووداوی کردووە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانى لە بڵاوکردنەوەی راستییەکان بە بابەتییانە و بوێرانە و دەڵێت: "میدیاتان کردووەتە پردێکی رۆشنگەری و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان چین و عێراق لە رێگەی رووماڵی چڕ و دەرخستنی خاڵەکانی هاوکاریی هاوبەش و بڵاوکردنەوەی کولتوور و شارستانیی چین و عێراق و بەتایبەت کولتووری کوردی کە وایکردووە هەردوو گەل لێک نزیک ببنەوە و پردێکی لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا دروست بێت."

 

 
ئەو بەرپرسەی باڵیۆزخانەی عێراق بە پەیامنێرەکەی رووداو دەڵێت: "بەرهەمی هەوڵەکانی دەوڵەمەندکردنی گەشەی میدیایی بووە و وێنەیەکی شەرەفمەندانەی راگەیاندنی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشانداوە".
 
لە ساڵی 2023ـەوە نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە پەکینى پایتەختی چین کراوەتەوە، مەهدی فەرەج پەیامنێری رووداو لەوێوە هەواڵ و رووداوەکانی ئەو وڵاتە بۆ وەرگران دەگوازێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە