پاکستان رووبەڕووی گەورەترین لافاو بووەتەوە لە مێژوویدا؛ 849 کەس گیانیان لەدەستداوە

31-08-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەرێمی پونجابی رۆژهەڵاتی پاکستان رووبەڕووی گەورەترین لافاو بووەتەوە لە مێژووی خۆیدا. بەرپرسێکی باڵا رایگەیاند، ئاوی رووبارەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزبوونەتەوە، لە دوو مانگدا 849 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی دوو ملیۆن کەسیش لە مەترسیدان.
 
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، گەرمبوونی جیهان بارانە وەرزییەکانی ئەمساڵی لە پاکستاندا خراپتر کردووە، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.
 
لە سەرانسەری باکوور و باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، شەستە بارانەکانی مانگەکانی رابردوو بووەتە هۆی لافاوی لەناکاو و بوومەلەرزە.
 
"ئەمە کارەساتێکی سروشتییە و ناتوانین شەڕی لەگەڵدا بکەین"
 
بڕێکی نائاسایی باران لە پونجاب دەبارێت، لافاو لە هیندستانیشەوە سنوور دەبەزێنێت و دەڕژێتە نێو پاکستان، بەتایبەتی دوای ئەوەی هیندستان بەنداوە پڕەکانی کردەوە و ئاوەکەی بەرداوە.
 
دەسەڵاتدارانی پاکستان چەندین رۆژە خەریکی رزگارکردنی خەڵکن، دامەزراوە پەروەردەیی و ئەمنییەکانیش وەک کەمپی کاتیی بۆ خەڵک بەکاردەهێنرێن.
 
واسم حەمەد سندهو، بەرپرسێکی شارەوانیی شاری مولتان گوتی: "بەردەوام داوا لە هاوڵاتییەکانم دەکەم تێبگەن کە ئەمە کارەساتێکی سروشتییە. ئاو بە بڕێکی زۆرەوە دێت. ناتوانین شەڕی لەگەڵدا بکەین، ناتوانین رایبگرین. تاکە چارەسەر خۆپارێزییە. تیمەکانمان بە تەواوی بۆ گەیشتن بە ئێوە ئامادەن، بۆیە تکایە هاوکارییان بکەن. وەرن بۆ کەمپەکانمان، کە تێیدا بە تەواوی چاودێریتان دەکەین."
 
لافاوێکی وێرانکەر و زیانی مرۆیی
 
پونجاب، کە نزیکەی 150 ملیۆن کەسی تێدا دەژی، بەشێکی گرنگی کەرتی کشتوکاڵیی وڵاتەکەیە و بەرهەمهێنەری سەرەکیی گەنمی پاکستانە. 
 
لافاوە وێرانکەرەکانی ساڵی 2022 بەشێکی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە رۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەدا لەناوبرد و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ناچار کرد هۆشداری بدات لەوەی، وڵاتەکە رووبەڕووی کەمیی خۆراک دەبێتەوە.
 
دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی پاکستان رایگەیاندووە، لە 26ـی حوزەیرانەوە 849 کەس لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە باران و لافاوەوە لە سەرانسەری وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە و 1,130 کەسیش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە