کەنیسەی ساگرادا فامیلیا لە بارسێلۆنا بووە بەرزترین کەنیسەی جیهان

31-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەنیسەی ساگرادا فامیلیا لە بارسێلۆنا بووە بەرزترین کەنیسەی جیهان، دوای ئەوەی بەشێک لە تاوەرە سەرەکییەکەی خرایە شوێنی خۆی.
 
بەرپرسان لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، ئێستا بەرزیی شاکارەکەی ئەنتۆنی گاویدی دەگاتە 162.91 مەتر، بەمەش کەمێک لە کەنیسەی ئۆلمەر مونستەری ئەڵمانیا بەرزترە کە پێشتر بە بەرزیی 161.53 مەتر بەرزترین کەنیسەی جیهان بوو.
 
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، کرێنێک ئەو بەشە کۆنکرێتییەی دانا کە وایکرد ساگرادا فامیلیا لە ئۆلمەر مونستەر بەرزتر بێت.
 
بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا، بەرزیی تاوەرە سەرەکییەکەی ساگرادا فامیلیا بگاتە 172 مەتر.
 
کەنیسەکە لە لایەن ئەنتۆنی گاویدی، ئەندازیاری کەتەلۆنی نەخشەکەی دارێژرا. گاویدی لە ساڵی 1852 لەدایکبوو و لە 1926 کۆچی دوایی کرد. 
 
لە ساڵی 1882 دەست بە دروستکردنی کەنیسەکە کرا. 
 
ماوریسیۆ کۆرتێس سیێرا، ئەندازیاری تەلارسازیی تاوەرەکە گوتی: "هۆکاری ئەوەی بەرزیی کەنیسەکە دەگاتە 172.5 مەتر ئەوەیە کە گاویدی نەیویستووە لە بەرزیی شاخی مۆنتجویک لە شارەکەدا تێپەڕێت."
 
یەکێک لەو گەشتیارانەی رۆژی پێنجشەممە سەردانی کەنیسەکەی کرد، گوتی کە "بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە".
 
کارەکانی دروستکردنی کەنیسەی ساگرادا فامیلیا، کە هێشتا تەواونەکراوە، لە چەند دەیەی رابردوودا خێراتر بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی بووە یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییە نێودەوڵەتییەکان.
 
بەرپرسانی کەنیسەکە لە سەرەتای ئەم ساڵدا رایانگەیاند، پێشبینی دەکرێ کارەکانی رووکاری دەرەوەی کەنیسەکە لە ساڵی 2026 کۆتاییان پێبێت، لە کاتێکدا کارەکانی نێوەوەی نزیکەی 10 ساڵی دیکەیان پێویستە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا