رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، دوای هەڵسەنگاندنێک کە دەریخستووە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆگای چەکی ئەمریکا نابێت، رەزامەندیی داوەتە کۆشکی سپی بۆ پێدانی مووشەکی دوورمەودای تۆماهۆک بە ئۆکراینا، ئەمە بە گوتەی سێ بەرپرسی ئەمریکی و ئەورووپی کە ئاگاداری بابەتەکەن و قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە.
ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، پێی باش نییە ئەو مووشەکانە بداتە ئۆکراینا، چونکە "نامانەوێ ئەو شتانە ببەخشین کە بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان پێویستمانن."
سوپاسالاری ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا هەڵسەنگاندنی خۆی بە کۆشکی سپی راگەیاندووە، ئەمەش راستەوخۆ پێش کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ زیلینسکی. سەرۆکی ئۆکراینا گوشاری دەکرد بۆ وەرگرتنی مووشەکەکان تاوەکو سوپاکەی بتوانێ بە شێوەیەکی کاریگەرتر دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی قووڵایی رووسیا بکاتە ئامانج. مووشەکەکانی تۆماهۆک مەودایان نزیکەی هەزار و 600 کیلۆمەترە.
دوو بەرپرسی ئەورووپی رایانگەیاندووە، هەڵسەنگاندنەکە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەمریکای دڵخۆش کردووە کە پێیان وایە ئێستا ئەمریکا بیانووی کەمتری هەیە. ترەمپ چەند رۆژێک پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زیلینسکی گوتی، ئەمریکا "تۆماهۆکی زۆری هەیە" کە دەکرێ بیانداتە ئۆکراینا.
بۆیە بەرپرسانی ئەمریکی و ئەورووپی تووشی سەرسوڕمان بوون، کاتێک ترەمپ دوای چەند رۆژێک قسەی گۆڕی و لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ زیلینسکی رایگەیاند: "ئەمریکا پێویستی بە تۆماهۆکەکانە." بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، ترەمپ دواتر لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە بە زیلینسکی راگەیاندبوو کە ئەمریکا ئەو مووشەکانە نادات، لانیکەم لەم کاتەدا.
بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، بڕیارەکەی ترەمپ رۆژێک دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هات لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، کە بە ترەمپی گوتبوو، هەرچەندە مووشەکەکانی تۆماهۆک دەتوانن بگەنە شارە گەورەکانی رووسیا وەک مۆسکۆ و سان پیتەرسبێرگ، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕەپانی جەنگ نابێت و تەنیا زیان بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیا دەگەیەنن.
سەرچاوەکان پێشتر بە CNNـیان راگەیاندبوو، ترەمپ بە تەواوی دەرگای لەسەر پێدانی مووشەکەکان دانەخستووە و ئیدارەکەی پلانی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بەخێرایی بیانگەیەنێتە ئۆکراینا ئەگەر ترەمپ فەرمان بکات.
هەروەها ترەمپ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی رازینەبوونی پووتین بۆ گفتوگۆی ئاشتی، تووڕە بووە و هەفتەی رابردوو سزای نوێی بەسەر کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیادا سەپاند و کۆبوونەوەیەکی پلان بۆداڕێژراوی لەگەڵ پووتین لە بوداپێست بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئۆکراینا هەڵوەشاندەوە.
لە کاتێکدا پێنتاگۆن نیگەرانی لەبارەی کەمبوونەوەی مووشەکی تۆماهۆک لە کۆگاکانیدا نییە، بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا هێشتا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئۆکراینا چۆن راهێنان لەسەر مووشەکەکان دەکات و چۆن جێگیریان دەکات. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێشتا چەندین کێشەی بەکارهێنان هەن کە پێویستە چارەسەربکرێن بۆ ئەوەی ئۆکراینا بتوانێ مووشەکەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنێت.
یەکێک لە پرسیارە چارەسەرنەکراوەکان ئەوەیە کە ئۆکراینا چۆن مووشەکەکان دەتەقێنێت، ئەگەر ئەمریکا پێی بدات. تۆماهۆکەکان زۆربەی کات لە کەشتیی سەربازی یان ژێردەریاییەوە هەڵدەدرێن، بەڵام هێزی دەریایی ئۆکراینا زۆر لاواز بووە، بۆیە پێدەچێت پێویست بێت لە وشکانییەوە هەڵبدرێن. هێزەکانی مارێنز و سوپای ئەمریکا بنکەی هەڵدانی زەوینییان دروست کردووە کە دەکرێ بە ئۆکراینا بدرێ.
بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەمریکا نەیەوێ بنکەکانیش بدات، بەرپرسانی ئەورووپی پێیان وایە ئۆکراینا دەتوانێت رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە. یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەندازیارانی ئۆکراینا توانیویانە چارەسەرێک بۆ بەکارهێنانی مووشەکەکانی "ستۆرم شادۆ"ی بەریتانی بدۆزنەوە کە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروستکرابوون لەلایەن فڕۆکە نوێیەکانی ناتۆوە بهاوێژرێن و پێویست بوو لەگەڵ فڕۆکە جەنگییە کۆنەکانی سەردەمی سۆڤیەتی ئۆکراینادا بگونجێندرێن.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، زیلینسکی رایگەیاند، ئۆکراینا هیوادارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ توانای دوورمەودای خۆی فراوانتر بکات بۆ ئەوەی جەنگەکە "بە مەرجی دادپەروەرانە" بۆ وڵاتەکەی کۆتایی پێبێت.
سەرۆکی ئۆکراینا نووسیویەتی، "سزا جیهانییەکان و وردبینیی ئێمە لە لێدانەکانماندا، بە کردەیی هاوئاهەنگن بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە بە مەرجی دادپەروەرانە بۆ ئۆکراینا. پێویستە هەموو ئامانجە قووڵەکان تا کۆتایی ساڵ بە تەواوی دیاری بکرێن، لەنێویاندا فراوانکردنی توانای دوورمەودامان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ