رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی بۆشاییی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) وەڵامی ئەو بانگەشەیەی کیم کارداشیان، خانمە مۆدێلی ئەمریکیی و کەسایەتی دیاری نێو سۆشیال میدیای دایەوە، کە لە نوێترین ئەڵقەی بەرنامەکەیدا رایگەیاندبوو، نیشتنەوە لەسەر مانگ لە ساڵی 1969 "رووینەداوە".
شۆن دەفی، بەڕێوەبەری ناسا بە وەکالەت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی کارداشیانی داوەتەوە و نووسیویەتی، "بەڵێ، پێشتر چووینەتە سەر مانگ... 6 جار!"، بەمەش جەختی لەسەر راستیی گەشتە مێژووییەکانی پرۆگرامی ئاپۆلۆ کردەوە کە لە نێوان ساڵانی 1969 بۆ 1972 کران.
نیڵ ئارمسترانگ و بەز ئاڵدرین، کەشتیوانانی گەشتی ئاپۆلۆ 11، لە 20ی تەممووزی 1969دا وەکو یەکەم مرۆڤ لە مێژوودا چوونە سەر رووی مانگ و سەرکەوتنێکی گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی تۆمار کرد. بەڵام، تیۆرییەکانی پیلانگێڕی لەبارەی ساختەبوونی نیشتنەوەی سەر مانگ نزیکەی 50 ساڵە بڵاوبوونەتەوە و لێدوانەکانی کارداشیان لە نوێترین ئەڵقەی زنجیرەی "The Kardashians"ـدا جارێکی دیکە ئەم باسەی هێنایەوە گۆڕێ.
کارداشیان، لە کاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سارا پاوڵسنی ئەکتەر دەڵێت، "ملیۆنێک بابەتت بۆ دەنێرم کە هی هەردوو بەز ئاڵدرین و ئەوی دیکەن." پاشان کارداشیان، گوتەیەکی ئاڵدرینی خوێندەوە کە گوایە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ترسناکترین ساتی گەشتەکە، گوتوویەتی: "هیچ ساتێکی ترسناک نەبوو، چونکە رووینەدا. دەکرا ترسناک بێت، بەڵام وا نەبوو چونکە رووینەدا."
تاوەکو ئێستا روون نییە کارداشیان ئاماژەی بە کام سەرچاوە و بابەت کردووە یان ئایا ئەو لێدوانانە بەڕاستی هی ئاڵدرین بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی راپۆرتەکان، "ئاڵدرین لە ساڵی 2002 لە کەسێکی دابوو، کە بەردەوام بێزاری دەکرد و پێیدەگوت گەشتی ئاپۆلۆ 11 ساختە بووە، ئەمەش پێچەوانەی بانگەشەکانی کارداشیانە."
کارداشیان، لە بەرنامەکەدا لە کاتی قسەکردن لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی بەرنامەکە، دووبارە جەختی کردەوە کە گەشتە ئاسمانییەکە "ساختە" بووە و ئاماژەی بە "چەند ڤیدیۆیەک کرد کە تێیدا بەز ئاڵدرین باس لەوە دەکات رووینەداوە." ئەو گوتی، "ئەو ئێستا هەمیشە لە چاوپێکەوتنەکاندا ئەو قسەیە دەکات."
دەفی، تیشکی خستە سەر گەشتی ئارتیمیس، کە پرۆگرامی داهاتووی ناسایە بۆ ناردنەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ. ئەو پێش ئەوەی بانگهێشتێکی فەرمیی ئاراستەی کارداشیان بکات بۆ سەردانیکردنی سەنتەری کێنیدی بۆشایی ئاسمان بۆ بینینی دەستپێکی گەشتەکە، گوتی، "ئێمە پێشبڕکێی پێشووی بۆشایی ئاسمانمان بردەوە و ئەمەش دەبەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ