رووداو دیجیتاڵ
سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF)، کە لە نیسانی 2023وە لەسەر دەسەڵات لە ململانێدان، یەکدی بە وەرگرتنی پشتیوانی لە زلهێزە بیانییەکان تۆمەتبار دەکەن. سەرەڕای بانگەوازی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆبەدوورگرتن لە "هەر دەستوەردانێکی دەرەکی"، بەڵام بێسوود بووە. لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر لایەنە شەڕکەرەکان و پشتیوانە دەرەکییەکانیان.
فەرماندە شەڕکەرەکانی سوودان
جەنەراڵ عەبدولفەتاح بوورهان، سەرکردەی دیفاکتۆی سوودان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سوپایە. لە لایەکی دیکە محەممەد حەمدان حمێدتی دەگەلۆ، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرایە (RSF)، شەڕە گەورەکەش لەنێوان ئەو دوو لایەنەیە.
لە تشرینی یەکەمی 2021دا بوورهان و حمێدتی، کە ئەوکات جێگری بوو، کودەتایەکیان بۆ سەر حکومەتی راگوزەری ئەوکات کرد. دواتر گرژییەکانی نێوانیان تەقییەوە و لە نێوەڕاستی نیسانی 2023ـدا شەڕی خوێناوی لەنێوان هێزەکانیاندا هەڵگیرسا. شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، ئاوارەبوونی نزیکەی 12 ملیۆن کەس و خستنەوەی قەیرانێکی مرۆیی گەورە.
ئەکتەرە دەرەکییەکان
میسر: دراوسێی سوودان لە باکوورەوە و پشتیوانێکی سەرەکیی سوپای سوودانە و بوورهان بە فەرمانڕەوای وڵاتەکە دادەنێت. هێزەکانی پشتیوانیی خێرا میسریان بە پێشکێشکردنی پشتیوانیی سەربازیی راستەوخۆ بە هێزەکانی بوورهان تۆمەتبار کردووە، تۆمەتێک کە قاهیرە بەردەوام رەتیدەکاتەوە.
ئیمارات: سوپای سوودان ئیماراتی بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە چەک و چەکدار تۆمەتبار کردووە. حکومەتی سەر بە سوپا لە مانگی ئایاردا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە کەنداوییەدا پچڕاند، کە بە تایبەتی بە دابینکردنی درۆن بۆ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا تۆمەتباری کرد. ئەبوزەبی بەردەوام هەر دەستوەردانێکی رەتکردووەتەوە، سەرەڕای ئەو بەڵگانەی لە راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێکۆڵینەوەکاندا خراونەتەڕوو.
لیبیا: لە مانگی حوزەیراندا، سوپای سوودان هێزەکانی دڵسۆزی خەلیفە حەفتەری لە رۆژهەڵاتی لیبیا، بە پشتیوانیکردنی هێرشە سەرکەوتووەکەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا تۆمەتبار کرد. حەفتەر چەندینجار بە دابینکردنی چەک و سووتەمەنی بۆ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لەبری ئیمارات تۆمەتبار کراوە.
چاد: سوپای سوودان رژێمی سەرۆک محەممەد ئیدریس دێبی ئیتنۆی بە کارکردن وەک هێڵێکی سەرەکیی دابینکردن بۆ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لەبری ئەبوزەبی تۆمەتبار کردووە.
تورکیا: وەک رکابەرێکی سەرەکیی ئیمارات، تورکیا لە سەرەتای جەنگەوە پشتیوانیی خۆی بۆ سوپای سوودان دەربڕیوە و بەپێی چەندین دەزگای میدیایی، درۆنی دابین کردووە کە بۆ لێدانی پێگەکانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بەکارهێندراون.
ئێران: خەرتوم و تاران لە تشرینی یەکەمی 2023دا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێکردەوە. لەو کاتەوە، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئێرانیان بە دابینکردنی درۆن بۆ سوپای سوودان تۆمەتبار کردووە.
رووسیا: لەژێر دەسەڵاتی بەشیردا، سوودان لەڕووی سەربازییەوە پشتی بە رووسیا دەبەست. هەردوو وڵات لەم دواییانەدا چەندین رێککەوتنی هاوکاریی سەربازی و ئابووریی دوولایەنەیان واژۆ کردووە.
کینیا: لە مانگی حوزەیراندا، حکومەتی سەر بە سوپا رایگەیاند، چەک و تەقەمەنیی بە نووسراوی "دروستکراوی کینیا" لە کۆگەکانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە خەرتوم دۆزیوەتەوە. کینیا لە مانگی شوباتدا میوانداریی کۆبوونەوەی دامەزراندنی باڵی سیاسیی هێزەکانی پشتیوانیی خێرای کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ