رووداو دیجیتاڵ
جۆن کیتۆکا، گوتەبێژی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی تەنزانیا ناسراو بە چادێما، رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی خۆپێشاندانەکاندا کە دوای هەڵبژاردنە گشتییە کێشەلەسەرەکەی وڵاتەکە کران، "نزیکەی 700 کەس" بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە کوژراون.
رۆژی هەینی 31ی تشرینی یەکەمی 2025، کیتۆکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، کاتێک خۆپێشاندەران لە هەوڵدابوون بەرەو سەنتەری شاری دارولسەلام بەڕێبکەون، بەڵام رووبەڕووی هێرشی ئەمنییەکان بوونەتەوە.
گوتەبێژەکەی چادێما گوتی: "تەنیا لە دارولسەلام نزیکەی 350 کەس و لە شاری موانزا زیاتر لە 200 کەس کوژراون. ئەگەر ژمارەی قوربانییانی شوێنەکانی دیکەشی بخەینە سەر، کۆی گشتی دەگاتە نزیکەی 700 کەس."
سەرچاوەیەکی ئەمنی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە فرانس پرێسی گوتووە، ئەوانیش هەمان ژمارەیان بیستووە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئامارانە "لەنێو ریزەکانی سوپای تەنزانیادا" بە شێوەیەکی نافەرمی بڵاوبوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان گەیشتووە، توانیویانە کوژرانی لانیکەم 100 کەس پشتڕاست بکەنەوە.
جۆن کیتۆکا، رایگەیاند، ژمارەکانی پارتی چادێما لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی ئەندامانی پارتەکەوە کۆکراونەتەوە، کە بەنێو نەخۆشخانە و کلینیکە تەندروستییەکانی شارە جیاوازەکاندا گەڕاون و "تەرمی قوربانییەکانیان ژماردووە."
کیتۆکا، پەیامێکی ئاراستەی حکومەت کرد و گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ حکومەت ئەوەیە: واز لە کوشتنی خۆپێشاندەرانمان بهێنن. کۆتایی بە دڕندەیی پۆلیس بهێنن و رێز لە ئیرادەی گەل بگرن کە داوای دادپەروەریی هەڵبژاردن دەکات."
کیتۆکا جەختیشی کردەوە کە "هیچ هەڵبژاردنێکی راستەقینە لە ئارادا نەبوو، بۆیە پێویستمان بە حکومەتێکی راگوزەرە بۆ ئەوەی رێگە بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەی نوێ خۆش بکات."
نوێترین شەپۆلی خۆپێشاندانەکان لە تەنزانیا دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئۆکتۆبەری 2025 سەریانهەڵدا، کە سەرکەوتنێکی گەورەی دیکەی بەخشییە پارتی فەرمانڕەوای چاما چا ماپیندوزی (CCM). پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە سەرۆکایەتیی چادێما، ئەنجامەکانیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، دەنگدانەکە ساختەکاری، ترساندن و دەستکاریکردنی سندووقەکانی دەنگدانی تێدا کراوە.
رۆژی سێشەممە، خۆپێشاندانەکان لە چەندین شار دەستیانپێکرد، لەوانەش دارولسەلام، موانزا و ئاروشا، خۆپێشاندەران داوای هەڵبژاردنێکی نوێیان دەکرد و حکومەتی سەرۆک سامیا سولوهو حەسەنیان بە دزینی دەنگەکان تۆمەتبار کرد. دۆخەکە بەخێرایی ئاڵۆز بوو کاتێک هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ