رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند، حکومەتی فەرەنسا "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات و داوا لە هەموو لایەک دەکات رێز لە سەروەریی عێراق و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بگرن.
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، "حکومەتی فەرەنسا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە دوێنێ شەو کرایە سەر بنکە و بارەگای هێزە کوردییەکان لە پیرمام."
لە راگەیێندراوەکەی فەرەنسادا هاتووە، "دەبێت ئەو جۆرە تووندوتیژییانە بوەستن و ئەنجامدەرانی بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن. فەرەنسا دڵنیایی هاوئاهەنگیی تەواو دەداتە بەرپرسانی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان."
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هەروەها داوای لە هەموو لایەنێک کرد کە رێز لە سەروەریی عێراق و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بگرن.
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاژێر 11:45ـی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام - هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
هەر لەوبارەوە ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێکاری جیدی بەرامبەر بە بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتەبەر بۆ دۆزينهوهى پهلاماردهران و بهسزاگهيانديان و بۆ ئهم مهبهسته لێكۆڵينهوهى هاوبهش و هاوئاهەنگی لهگهڵ حكومهتى ههرێمى كوردستاندا بكەن.
هاوکات، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق "داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەستپێبکەن و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە."
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، ئەمڕۆ رایانگەیاند، شەوی رابردوو بە درۆن فڕۆکەخانەی هەریریان لە پارێزگەی هەولێر بۆردوومان کردووە و لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، شەوی رابردوو هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
لە پەیامێکدا کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی و عەرەبی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "نیگەرانی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین؛ بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین، کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن؛ مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ ناوهێنانی گرووپە چەکدارەکان رایگەیاندووە، "ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕ و ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ