شاژنی دانیمارک دوای 52 ساڵ حکومڕانی، دەستی لەکار کێشایەوە

31-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 52 ساڵ، شاژنی دانیمارک بڕیاریدا لە ساڵی نوێدا دەست لەکار بکێشێتەوە و کوڕەکەی لە شوێنی خۆی ببێتە پاشای ئەو وڵاتە.
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، شاژنە مارگرێتی دووەم، شاژنی دانیمارک رایگەیاند، لە 14-1-2024 کورسیی دەسەڵاتی وڵاتەکەی دەداتە شازادە فرێدریکی کوڕی. شاژنە مارگرێت کاتێک پەیامی ساڵی نوێی لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دانیمارک خوێندەوە ئەو هەواڵەی راگەیاند.
 
شاژنەکەی دانیمارک لە درێژەی قسەکانی گوتی، دوای نەشتەرگەرییەکی پشتی لە شوباتی 2023 ئەو بڕیارەی داوە "ئێستا کاتە گونجاوەکەیە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە بدەمە کەسێکی دیکە."
 
مارگرێتی دووەم لە کۆتایی قسەکانی بە گەلی دانیمارکی گوت، "من 52 ساڵە شاژنی دانیمارکم و ئەو ماوە زۆرە کاریگەری خۆی نەک تەنیا لەسەر من بەڵکو لەسەر هەر کەسێک بەجێدەهێڵێت. لە 14-1-2024 دوای ئەوەی تەختی پاشایەتیم لە باوکی خۆشەویستمەوە بۆ مایەوە، ئیدی وەک شاژنی دانیمارک دەستلەکار دەکێشمەوە."
 
مارگرێتی دووەم لە دایکبووی ساڵی 1940 و تەمەنی 83 ساڵە، لە 14-1-1972ـەوەوە دوای مردنی شا فرێدریکی نۆیەمی باوکی وەک شاژنی دانیمارک دەستبەکاربووە.
 
مارگرێت کۆلێژی شوێنەواری لە زانکۆی گیرتۆن لە بەریتانیا تەواو کردووە. پاشان زانستە سیاسییەکانی لە دانیمارک خوێندووە. ئەو شاژنە دەتوانێت بە زمانەکانی دانیمارکی، فەرەنسی، ئینگلیزی، سوێدی و ئەڵمانی قسە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە