رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئیدارەی ترەمپ ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستاندنانەی کە ئامانج لێیان گەیشتنە بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، ئەمریکا دەیەوێ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بهێنێت، هەروەها کۆتایی بە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی بهێنێت و پشتیوانییەکانی بۆ ئەو گرووپانە بوەستێنێت کە ئەمریکا بە "گرووپە تیرۆریستییە بریکارەکان" ناویان دەبات.
ئەو بەرپرسە گوتی، "دەرگای دانوستاندن کراوەیە، بەڵام بەداخەوە ئێران بەردەوامە لە رەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ دانوستاندنی نیازپاکانە".
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، ترەمپ باسی لە چەندین پرسی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، لەوانەش دۆسیەی ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "گوێم لێدەبێ کە ئێران هەوڵی خۆبەهێزکردنەوە دەدات. ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکەن، دەبێت تێکیان بشکێنین. تێکیان دەشکێنین، بە خراپی تێکیان دەشکێنین، بەڵام بەهیوام ئەوە روونەدات".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بیستوویەتی تاران خوازیاری گەیشتنە بە رێککەوتن و گوتی: "ئەگەر بیەوێ رێککەوتن بکات، ئەوە بڕیارێکی زۆر ژیرانەترە. ئێران دەیتوانی رێککەوتن بکات پێش ئەوەی هێرشێکی گەورەی بکەینە سەر، بەڵام بڕیاریدا رێککەوتن نەکات".
رۆژی 30ـی ئەم مانگە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپدا نووسی: "وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەر دەستدرێژییەکی ستەمکارانە، تووند و پەشیمانکەرەوە دەبێت."
ئەم پێشهاتە دوای ئەو جەنگە کورتخایەنە دێت کە لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا روویدا. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لەنێو خاکی ئێران، تاران وەڵامی دایەوە و پێکدادانەکان بۆ 12 رۆژ بەردەوام بوون.
پێش کۆتاییهاتنی ئەو جەنگە، ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنز. بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە هێرشەکە توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو لەنێوبردووە، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەمەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، پێنج گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ کامیان نەگەیشتنە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ