رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نەوەستاوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە راگرتنی گازی کۆمپانیای دانەگاز کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا هەبووە.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەو دۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەكەدا هەیە، كۆمپانیای دانەگاز هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرتووە، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کارەبای عێراق هەبووە."
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "چەند یەکە و وێستگەیەکمان کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو بڕیارە و هەربۆیە بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە. ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 18 هەزار و 500 مێگاواتە."
عێراق لە وەرزی گەرما و سەرمادا پێویستی بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 60 هەزار مێگاواتە.
رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "بەهۆی ئەو دۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەكەدا روویداوە، كۆمپانیای داناگاز هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت، بەو هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 2500 - 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە."
لەبارەی گازی ئێرانیشەوە، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی عێراق، ئەحمەد موسا رایگەیاند، "هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق نەوەستاوە و وەک خۆیەتی. پڕۆسەی هەناردەکردنەکەش لە رێگەی بۆڕییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوەیە."
لە 24ی کانوونی دووەمی 2025، ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق راگرت، بەڵام لە 26ی شوباتی 2026 هەناردەکردنی گازەکە بە بڕی 7 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا دەستیپێکردەوە.
عێراق بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران و گازی بەرهەمهێندراوی نێوخۆیی دەبەستێت. هەر جۆرە پەککەوتنێک لەو سەرچاوانەدا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ