بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوینی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1000 تۆن دەبێت

01-06-2022
سیروان عەباس
نیشانەکردن هەنگوین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
پێچەوانەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، ئەمساڵ دۆخی هەنگەوانی بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشترە و چاوەڕێی بەرهەمی زیاتر دەکرێ. سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ: "دوایین بارانبارین، هەنگەوانی بووژاندەوە و لە قەیرانی هەڵاڵە و شیلە رزگاری کردین".
 
گەرما بەرهەمی هەنگوین زیاتر و باشتر دەکات
 
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان بە رووداوی گوت: دوایین بارانبارین کە لە کۆتایی مانگی نیسان باری، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرهەمی هەنگوین و هەنگ هەبوو، چونکە گژوگیای بووژاندەوە و گوڵدارەکان گوڵیان گرت. 
 
بەگوتەی عارف شێروانی، بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشتر و زیاتر دەبێ و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، گوڵ شیلەی زیاتر دەردەدات، ئەمەش دەبێتە خۆراکێکی زۆرباش بۆ هەنگ و بەرهەمی هەنگوین.
 
بەرهەمی هەنگوین 1000 تۆن تێدەپەڕێنێت
 
ساڵانە گۆڕانکاری بەسەر بەرهەمی هەنگویندا دێت، بۆ نموونە لە ساڵی 2017دا 450 تۆن و ساڵی 2018 تەنیا 100 تۆن بەرهەمهاتووە، بەڵام لە ساڵی 2019دا زیادیکردووە بۆ 500 تۆن. لە ساڵی 2020دا نزیکەی 500 تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام لە ساڵی 2021 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 700 تۆن. 
 
هادی محەممەد، کە هەنگەوانە و 370 پوورەی هەنگی هەیە، لەبارەی پێشبینیکردن بۆ بەرهەمی ئەمساڵ بە رووداوی گوت: هێشتا دیارنییە بەرهەم چەند و چۆن دەبێت، چونکە لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا هەنگوین دەبڕن، بەڵام پێشبینییەکانیان بۆ بەرهەمی ئەمساڵ ئەرێنییە.
 
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت: "دۆخی هەنگ و هەنگەوانی زۆر زۆر باشە، ئێستا گوڵی دڕک دەژی و سوودی هەیە، هەروەها شیلە و هەڵاڵە هەن، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ 1000 تۆن زیاتر بێت".
 
نرخی هەنگوینی ئەمساڵ گرانتر دەبێ
 
بەهۆی گرانبوونی خۆراک لە جیهاندا، نرخی هەنگوینیش گرانبووە، بۆیە هادی محەممەد دەڵێت: خەرجیی بەرهەمهێنان زیاتر بووە، بۆیە هەنگوینیش گرانتر دەبێ.
ئەو هەنگەوانە ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی هەنگوین دیاریکراو نییە، بەڵام لە نێوان 50-70 هەزار دینارە، ئەگەر بە کۆ بیفرۆشنەوە، کیلۆی لە نێوان 35-45 هەزار دینار دەبێ و گوتیشی: "مارکێت و دووکانەکان، بە نرخێکی هەرزان لە ئێمەی دەکڕنەوە و بە گران دەیفرۆشنەوە، کە هەندێجار یەک کیلۆ بە 100 دۆلار دەفرۆشنەوە".
 
بەڵام ئارام عەلی، کە خاوەنی مارکێتە و هەنگوینیش دەفرۆشیت بە رووداوی گوت: "نرخی هەنگوین لای ئێمە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە باسدەکرێت، نرخەکە لە نێوان 70-90 هەزار دینارە، ئەگەر وەکو بازرگانێک بیری لێبکەیتەوە، لە کیلۆیەکدا ئەگەر 30 هەزار دیناریش قازانج بکەین، زۆر نییە".
 
ئارام عەلی زیاتر گوتی: "هەنگوین کڕیارێکی دیاریکراوی هەیە و بازاڕی گەرم نییە، رەنگە ئەگەر ئێمە 100 کیلۆ بکڕینەوە، بە سێ مانگ بۆمان ساخنەکرێتەوە، بۆیە ناکرێ پارەیەکی زۆر بخەوێنین لە پێناوی قازانجێکی زۆر کەمدا".
 
تێچووی کیلۆیەک هەنگوین چەندە؟
 
لە ساڵێکدا پێویستە چەندجارێک ژینگەی هەنگ بگۆڕدرێت، هادی محەممەدی هەنگەوان دەڵێ: ئەم شوێن گۆڕینە، خەرجییەکی زۆر دەخاتە سەر شانمان، هەروەها سندووق و پوورە، تێچووی تایبەتی خۆی هەیە، بە گشتی، یەک کیلۆ هەنگوین 15-20 هەزار دینار لەسەر هەنگەوان دەکەوێت.
 
ئەو هەنگەوانە گوتیشی، هەندێ ساڵ، ناچار دەبین کە پەڕەمێو و شریتی ڤاروان بدەینە هەنگ، ئەمەش خەرجییەکی دیکەی قورسە لەسەر هەنگەوان.
 
پەڕەمێو و شریتی ڤاروان چین و بۆچی دەدرێنە هەنگ؟
 
پەڕەمێو، کاتێک هەنگ شەڵخە دەدات و ئامادە دەبێت بۆ زاوزێ، هەنگەوان دەیکاتە ناو پوورەیەکی نوێ، چوارچێوەی پوورە (سندوقەکە) دەبێ پەڕە مێوی لێبدرێ، ئەوەش بۆ زیاتر هاوکاریکردنی شارە هەنگەکەیە بۆ بنیاتنانی شاری نوێ.
 
شریتی ڤاروان: (گەنەی هەنگ یان حەشەرە)شی پێدەگوترێ، ئەو گیاندارە بچکۆلە تووشی هەنگ دەبێت و تا نەیکوژێت وازی لێناهێنێت، سەرەتا تووشی باڵقرتان و پەککەوتنی دەکات و بەرەهەمەکەشی دەخوات، دواتر هەنگەکە بەهۆی پەککەوتەییەوە لە شار دەردەکرێت، هێشتا وازی لێناهێنێت، خوێنی سەری هەنگەکە دەمژێ تا دەیکوژێ.
 
جیاکردنەوەی هەنگوینی ئەسڵی لە ساختە
 
ئەسعەد مەلا ناسر، هەنگەوان لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: هەرێمی کوردستان تائێستا نەیتوانیوە تاقیگەیەک بۆ پۆلێنکردنی هەنگوین دروستبکات، چونکە تائێستاش تەنیا بە ئەزموون هەنگوینی باش و خراپ جیادەکرێتەوە، زۆربەی هاونیشتمانیانیش ئەو ئەزموونەیان نییە. ئێستا هەنگوینە باشەکانیش بوونەتە قوربانی هەنگوینە ساختەکان. ئەسعەد مەلا ناسر دەشڵێت: "تاکە رێگە بۆ کڕیار ئەوەیە خاوەن هەنگەکە بناسێت و متمانەی پێبکات".
 
بەڵام عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان  دەڵێ، تەنیا لە هەولێر دوو تاقیگە هەن، یەکێکیان لە کۆلێژی زانست و ئەوی دیکەیان لە کۆلێژی کشتوکاڵە، زۆربەی نموونەکانیش لەوێ دەپشکنرێن، هەر هەنگەوانێک بیەوێ دەتوانێت لەوێ هەنگوینەکەی بپشکنێت و بڕوانامەش وەربگرێت.
 
د.عەبدولڕەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی كشتوكاڵ ‌و پسپۆڕی بواری هەنگ پێیوایە، هەنگوینی کوردستان باشترین جۆری هەنگوینە و دەڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا دان بە کواڵێتی هەنگوینی خۆماڵیدا دەنێ، چونکە هەنگوینەکانی دیکە بە رێگەی نایاسایی هاوردە دەکرێن.
 
لە هەرێمی کوردستان 15 هەزار هەنگەوان هەن، کە 700 هەزار پوورەی هەنگیان هەیە. بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان، ئێستا کوالێتی هەنگوینی کوردستان بووەتە جیهانی و خواستی زۆری لەسەرە " لە ساڵی 2021دا 51 تۆن تەنیا بە ئیماراتی عەرەبی فرۆشراوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.