رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ماڵپەڕەکە رایگەیاند، داهاتی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە 411% زیادیکردووە، بۆ ئەم هەفتەیە بڵاوکردنەوەی داهات لە ماڵپەڕەکە راگیرا.
ماڵپەڕی شەفافیەت رۆژانی هەینی هەموو هەفتەیەک، داهاتی نانەوتیی هەفتەیەکی سنوورەکە بڵاودەکاتەوە و داهاتەکانی مانگانە و ساڵانەش نوێ دەکاتەوە، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی ماڵپەڕەکەدا نووسراوە (Error occurred during request data loading) واتا "کێشە لە داواکردنی ئامارەکاندا هەیە".
شوان جەبار، سەرپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سیستمی ماڵپەڕەکە بە (Dot-Net) کاردەکات، ئەمڕۆ دۆت کۆم ئەپدەیتی تەکنیکی پێویست بووە و بەهۆی ئەوەی هەینییە خراوەتە ئەمڕۆژە".
سەرپەرشتیاری ماڵپەڕەکە گوتی، "ئێستا (https://shafafiat.net/) کارایە و سبەی داتای نوێ دوای ئەپدەیت لە ماڵپەڕەکەدا بڵاو دەکرێتەوە."

هەینی رابردوو 25ـی تەمموز ماڵپەڕەکە رایگەیاند، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 87 ملیار دینار بووە.
رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی هەفتەی رابردوو، شوان جەبار، سەرپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو 80 ملیارەی 25ـی تەممووز باجی کۆمپانیایەکی گەورەی سنووری سلێمانی بوو بۆ کارەبا، پارە بە سنووری سلێمانی نەدراوە و (مقاسە) پاکتاوی بۆ کراوە".
بە گوتەی شوان جەبار، "کۆمپانیاکەش پارەی لای حکومەت بووە، بۆیە لە هەولێرەوە پاکتاوی بۆ پارەکەی کردووە و لەجیاتی پارەدان خستوویەتییە بەرامبەر قەرزەکانی لای حکومەت و تەنیا پسووڵەیەکی بۆ سلێمانی گەڕاندووەتەوە کە پارەی لەسەر نەماوە، نەوەکو پارەی دابێتە داهاتی سلێمانی".
سەرپەرشتیاری شەفافیەت ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو 80 ملیارە لە ئەنجامدا داهاتێکە بۆ خەزێنەی گشتی، بۆیە لە ماڵپەڕەکەدا تۆمارمان کردووە، بەڵام داهاتەکە لای حکومەتە و ئەوان خستوویانەتە بەر ئەو قەرزانەی کۆمپانیاکە لایان بووە".
25ـی تەممووز ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەراورد بە هەفتەی پێشتر، زیاتر 411% زیادیکردووە و داهاتی مانگانەش زیاتر 90% بەرز ببووەوە.
راوەستانی ماڵپەڕی شەفافیەت
بەگوێرەی هەواڵەکەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە. هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەڵام شوان جەبار گوتی: "داهاتی راستەقینەی ئەو هەفتەیە بۆ سنووری سلێمانی تەنیا 7 ملیار و 299 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە."
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار، لەکاتێکدا مانگێک پێشتری هەمان سنوور، 62 ملیار و 14 ملیۆن و 735 هەزار و 857 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 56 ملیار دینار زیادیکردووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 530 ملیار دینار.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
بە درووشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ