رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما، سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە. بەرپرسانی عەلوەکانی سلێمانی و هەولێر دەڵێن: "بەشێکی کەم سەوزە و هەنار" لە بەرهەمی نێوخۆ ماوە و ئەوانەی نەماون لە ئێران، تورکیا و وڵاتانی دیکە هاوردە دەکرێن.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی نەمانی بەرهەمی نێوخۆوە، دەرگای هاوردەکردنی تەماتە و شووتی کراوەتەوە و ئێستا لە ئێرانەوە دێن".
تەماتەی ئێرانی ئێستا لە عەلوەکاندا بە کۆ کیلۆی 750 دینار، شووتی بە 350 دینارە. سەروەر عەلی گوتی: "بڕێکی کەم شووتی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین ماوە و کیلۆیان بە کۆ 450 دینارە".
لەبارەی بەرهەمی نێوخۆوە، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "پەتاتە، هەنار و کولەکە ماون و بەشێکیان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن. ئەوانەی نەماون لە دەرەوە هاوردە دەکرێن".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمی نێوخۆ بەتەواوی کەم بووەتەوە؛ باینجان، هەنار و کەمێک خەیاری نێوخۆ ماون".
لە وەرزی هاویندا بەشێکی سەرەکیی سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خۆماڵین. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێ: "ئێستا زۆرینەی بەرهەمی عەلوە لە دەرەوە هاوردە دەکرێ و جێگەی بەرهەمی نێوخۆیان گرتووەتەوە".
رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "زۆرینەی سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەک لە ئێران، پاشان تورکیا، میسر و ئەفریقاوە هاوردە دەکرێن".
لەکاتی پێگەیشتنی هەر بەرهەمی نێوخۆدا هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێ یان باجی زۆری دەخرێتەسەر. ئێستا بەهۆی نەمانی ئەو بەرهەمانەوە هاوردەکردنی زۆرینەیان ئاسایی بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ