بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی داهاتی نانەوتی و مووچە سەردانی بەغدا بکات

02-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی دەڵێت، بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی داهاتی نانەوتی سەردانی بەغدا بکات.
 
هەولێر و بەغدا بۆ مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران لەسەر رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە حکومەتی عێراق رێککەوتبوون، مووچەی هەردوو مانگەکەش نێردرا. کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بۆ یەکلاییکردنەوەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و بەندەکانی دیکە، بۆئەوەی مووچەی مانگەکانی دیکەش بنێردرێت.
 
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە کە پێکدێن لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و هەندێک بەڕێوەبەری وەزارەتی دارایی."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، "ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆ دەبێت لەبارەی رێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی بۆئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ مانگەکانی داهاتوو، تاوەکو کێشەی مووچە یەکلایی بێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، "سبەی شەو شاندەکە بەڕێدەکەوێت و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆببێتەوە."
 
پرسی داهاتی نانەوتی یەکێکە لەو مژارانەی دەبێت یەکلایی بکرێتەوە. بابەتە سەرەکییەکەی دیکە بریتییە لە پرسی رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە ئەویش یەکلایی نەبووەتەوە. 
 
لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لەوە کرد، هەولێر و بەغدا لە یەکلاییکردنەوەی هەندێک بابەتی نێوانیان دوورن. 
 
ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتی، "بودجەی 2023ـمان هەیە کە دەڵێ، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت و 400 ملیار دینار رادەستی بەغدا بکات؛ هەروەها بڕیاری دادگەی فیدراڵیمان هەیە کە باسی مووچە، داهاتی نانەوتی و نەوتی دەکات. بەپێی ئەوەش، پێویستە حکومەتی عێراق هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بکرێت و هەرێمی کوردستانیش پابەندی ناردنی داهاتی نانەوتی و نەوت بێت."
 
د. جەمال کۆچەر گوتیشی، "دوای ئەوە، رێککەوتنێکی دیکە کرا کە دەڵێت، رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت و 120 ملیار دیناری مانگانە رادەستی عێراق بکرێت، بەڵام دواتر بابەتی هێرشە درۆنییەکان هاتە پێشەوە. ئێستا بووەتە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و نەوتیش یەکلایی نەکراوەتەوە. بۆیە ئێستا نازانرێت داهاتی نانەوتی بەپێی کام رێککەوتن و چەند رادەست دەکرێت؛ هەروەها نازانرێ نەوت چەند رادەست دەکرێ و بابەتی تێچووی کۆمپانیاکان و چۆنیەتیی ناردنەکەی و تێچووەکەی چی لێدێت."
 
19ی ئابی 2025 شاندێکی وەزارەتی دارایی لەگەڵ لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق و رۆژی دواتریش لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
24ی ئابی 2025یش شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردەوە و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنەوە رێککەوتن.
  
ناکۆکییەکی سەرەکی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتی رادەستکراوە. بەغدا داوای تەواوی داهاتی رسوومات، 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان رسوومات بە پشکی خۆی دەزانێ و 50%ـی داهاتی گومرگی دەروازە سنوورییەکان بە پشکی بەغدا دەزانێ لەگەڵ 50%ـی بەشێک لە باجەکان.
 
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو دانوستاندنانە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانى عێراق و بە بەشداریی نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیرانى فیدراڵ بەشدار دەبن لەو کۆبوونەوانە یان سەرپەرشتی دەکەن، ئەگەر تیمەکانی هەولێر و بەغدا رێککەوتن، راپۆرتێک لەبارەی جیاوازییەکانیان لە ماوەی یەک هەفتەدا دەدەنە سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی بڕیاری دا خەرجیی نووسینگەکەی کەم بکاتەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجیی نووسینگەکەی و کۆتاییهێنان بە گرێبەستی ژمارەیەک لە راوێژکار و شارەزایانی دەرکرد کە پێشتر ئەرکیان لە چەند دۆسیێیەک پێ سپێردرابوو.