عێراق کارەکانی لە بەندەرە نەوتییەکان راگرت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق راگرتنی تەواوەتیی کارەکانی لە بەندەرە نەوتییەکان راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد کە بەندەرە بازرگانییەکان لە کارەکانیان بەردەوامن. 
 
بەرەبەیانى رۆژی پێنجشەممە، 12ى ئادارى 2026، سەرچاوەیەکى بەرپرس لە دەسەڵاتى دەریاوانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوو کەشتیی نەوتگوێزەرەوە لە بەندەری فاو بۆردوومان کراون و گڕیان گرتووە، کە نەوتی عێراقیان پێبووە و لە دوای جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل گیریان خواردووە. 
 
 ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: بەگوێرەى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بە بەلەمی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر ئەو دوو کەشتییە، بەڵام ئەو لایەنە نەزانراوە کە کارەکەی کردووە.
 
فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق رایگەیاند، کەشتییەکە لە ناوچەی گواستنەوە بووە و لەکاتی بارکردندا بووە هێرشیکراوەتەسەر.
 
فەرتووسی، گوتیشی، "کەشتییەکە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە زیانی بەرکەوتووە، هەرچەندە هێشتا روون نییە کە ئایا لێدانێکی راستەوخۆ بووە یان بەهۆی بەلەمێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە"
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، کارەکانی بەندەرە نەوتییەکان بە تەواوی راگیراون، هەرچەندە چالاکییەکانی بەندەرە بازرگانییەکان بەردەوامن و کەشتییەکان لە ناوچەی چاوەڕوانیدا ماونەتەوە و بارکردن و داگرتن لە بەندەرەکانی باکوور و باشووری ئوم قەسر بەردەوامە.
 
تیمەکانی رزگارکردنی کۆمپانیاکە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکە دەریاییەکان، 38 کەسیان رزگارکردووە، لەو 38 کەسەی رزگار کراون دواتر یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
کەشتییە تایبەتەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەندەری نەوتیی بەسرە رەوانەی شوێنەکە کراون بۆ کوژاندنەوەی ئاگری هەردوو کەشتییەکە، هاوکات تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەندامانی ونبووی تیمی کەشتییەکان.
 
فەرتووسی ئاماژەی بەوەشکرد، تانکەرەکان نزیکەی 30 میل لە کەناراوەکانی عێراقەوە دوور بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە