ئابووری
وێنەی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر کە کارەبای پڕۆژەی رووناکی پێگەیشتووە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەند لە بەشێکی ئەو گەڕەکانەی کارەبای پڕۆژەی رووناکییان پێگەیشتووە، بۆ وەرگرتنی پارە تیمێک دەچێتە بەردەم ماڵەکان، بەڵام بەرپرسانی کارەبا دەڵێن، هەر کەسێک تیم نەچووەتە بەر دەرگای، دەتوانێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا پارەکەی بدات.
ئەندازیار بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کەسێک پارەی کارەبای رووناکی لابێت، دەتوانێت لە بنکەکانی فرۆشتنی کارەبا وەکو رابردوو پارەی کارەباکەی بدات."
لە پارێزگای دهۆکیش کارەبای پڕۆژەی رووناکی گەیشتووەتە بەشێکی هاونیشتمانییان.
ئەندازیار حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبای پڕۆژەی رووناکی گەیشتووەتە 81 هەزار هاوبەش و فراوانبوونی پڕۆژەکەش بەردەوامە".
سەبارەت بە چۆنیەتیی وەرگرتنی پارەی پڕۆژەی رووناکی، حازم محەممەد گوتی: "ئەوانەی پارەی کارەبای رووناکییان لابێت، دەتوانن مانگانە سەردانی بنکەکانی فرۆشتنی کارەبا بکەن و پارەی کارەبا بدەن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستاش کۆکردنەوەی پارەی کارەبای پڕۆژەی رووناکی لەلایەن تیمی تایبەتەوە لە بەشێکی گەڕەکەکان بەردەوامە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئەمڕۆ کارەبای پڕۆژەی رووناکی کە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە، گەیشتووەتە 2.7 ملیۆن هاووڵاتی کە 716 هەزار هاوبەشن و دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
هەولێر: 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆن و 458 هەزار کەس.
سلێمانی: 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس.
دهۆک: 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ