رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستی مێژوویدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 3547 دۆلار، کە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە بۆ نرخی کانزای زەرد. بازرگانێکی زێڕ دەڵێت، "لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی نرخ لە بازاڕەکانی جیهان، دەستبەجێ لە هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ هەڵبەز و دابەز دەکات."
نادڵنیایی و مەترسییەکانی نێو بازاڕە داراییەکان تەشەنەی سەندووە و بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ سەر کڕینی زێڕ.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1600 دووکانی زێڕ و 46 كۆمپانیای بازرگانی هاوردە و هەناردەی زێڕ و ئەڵماس و بەردە بەنرخەكان هەن.
زێڕنگەرەکان، بە شێوەی تاك زێڕی دروستكراو دەفرۆشن و زێڕی كۆن و شكاویش لە خەڵك دەكڕنەوە. دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە كۆمپانیاكانی زێڕی دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێرەکان بە بازرگانانی توركیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی جوانیی هاوردە دەكەن.
دوو دەروازە بۆ هاوردەکردنی زێڕ
زێڕ، تەنیا لە فڕۆکەخانەکانەوە هاوردە دەکرێت، لە هەرێمی کوردستان، فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی، بوونەتە دەروازەی هاوردەکردنی زێڕ، بەڵام لە سلێمانی، بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕوویاندا، تەنیا لە ئیماراتەوە زێڕ هاوردە دەکرێت.
حاجی سەعد جەلال، خاوەنی کۆمپانیای بازرگانیی زێڕە لە هەولێر، لەبارەی هەڵکشان و داکشانی نرخەوە گوتی، "بە خولەک لەگەڵ نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دەگۆڕێت."
دوو جۆر زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، زێڕی وەبەرهێنان و زێڕی جوانی یان خۆڕازاندنەوە. حاجی سەعد دەڵێت، خەڵک هەیە تەنیا بۆ هەڵگرتن زێڕ دەکڕێت.
ناوەندی هاوردەکردنی زێڕ بۆ هەرێمی کوردستان، ئیمارات (دووبەی) و تورکیایە. بە گوتەی ئەو خاوەن کۆمپانیایە، زێڕی هیندی، مالیزی و ئیتاڵیش لە ئیماراتەوە هاوردە دەکرێت.
"هاوردەی زێڕ زۆر کەم بووە"
سەرهەنگ کەمال محەممەد، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵە لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی سلێمانی. ئەو قسەی بۆ تۆڕی میدیایی کرد و گوتی، "لە هەفتەیەکدا دوو کاروان (رحلە) زێڕ لە رێی فڕکەخانەی سلێمانییەوە هاوردە دەکرێت، پێش ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە، دەپشکنرێت، ئەگەر دەرنەچێت دەگەڕێندرێتەوە."
سەرهەنگ کەمال دەڵێت، ئەم ساڵ کڕین و هاوردەی زێڕ "زۆر زۆر کەم بووە"، کێشەی مووچە و گرانبوونی لە بازاڕی جیهان، هۆکاری کەمبوونەوەی هاوردەیە.
لە 8 مانگی ئەم ساڵدا ئەوەندەی مانگی یەکی پار زێڕ هاوردە نەکراوە
بە گوێرەی ئەو ئامارە فەرمییەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ساڵی رابردوو زۆرترین بڕی زێڕی هاوردەکراو لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی یەکدا بووە کە 3582 کیلۆ بووە و کەمترینی مانگی 11 بووە کە 339 کیلۆ زێڕ بووە؛ مانگی 12 ساڵی رابردووش 347 کیلۆ بووە.
بەڵام بە گوتەی سەرهەنگ کەمال محەممەد، لە هەشت مانگی ساڵی 2025دا، تەنیا دوو هەزار و 437 کیلۆ هاوردە کراوە.
سەرهەنگ کەمال گوتیشی، بەهۆی گرانییەکەیەوە خواست لە زێڕ کەمبووەتەوە و ئەوانەی ئێستا هاوژینی پێکدەهێنن بەهۆی گرانی نرخەوە زێڕی کەمتر دەکڕن.
ساڵی 2024، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە 12 هەزار و 926 کلیۆ زێڕ هاوردەکراوە و پشکنینی بۆ کراوە.
لەبارەی هاوردەکردنیشەوە لە فڕۆکەخانەی هەولێر، هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگەران، رۆژی پێنجشەممە، 06-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ داتا و ئامارێکمان لەبارەی هاوردەکردنی زێڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نییە."
نرخی فرۆشتنی زێڕ بە مسقاڵ لە بازاڕی هەرێمی کوردستان، رۆژی 03-09-2025:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22 بە 738,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 بە 705,000 دینار
مسقاڵێک زێڕعەیار 18 بە 605,000 دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ