ئیتاڵیا رێکاری نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی دەگرێتەبەر

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیتاڵیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، کۆمەڵێک رێکاری بەپەلەی بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی پەسندکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی وزەی لە بازاڕە جیهانییەکاندا گەیاندە ئاستێکی پێوانەیی.
 
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە بەپێی ئەوە نرخی هەر لیترێک بەنزین لە وێستگەکانی ئەو وڵاتەدا بە بڕی 0.25 یۆرۆ دادەبەزێندرێت. مێلۆنی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجیان لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی هاووڵاتیان، کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەوە دروستبووە.
 
بڕیارەکەی حکومەتی رۆما تەنیا کەمکردنەوەی نرخ لە وێستگەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لێخۆشبوونی باج بۆ کەرتی گواستنەوەی وشکانیش لەخۆدەگرێت. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕدا کە بەهۆی تێچووی گواستنەوەوە دروست دەبێت.
 
هاوکات حکومەتی ئیتاڵیا سیستمێکی چاودێریی تووندی بۆ بازاڕەکان جێگیر کردووە، تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک و یاریکردن بە نرخەکان بکرێت، بە جۆرێک کە نرخەکان لەگەڵ جوڵەی نەوتی خاوی جیهانی بگونجێنرێن.
 
ئەم رێکارانەی ئیتاڵیا لە کاتێکدا دێن، کە لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە رێژەی نزیکەی 50٪ بەرزبووەتەوە. ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتووەتە 112 دۆلار، لە کاتێکدا پێش دەستپێکردنی جەنگەکە نرخەکەی تەنیا 72 دۆلار بوو.
 
ئاڵۆزییەکان لە رۆژی 28ی شوباتەوە دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، تارانیش بە درۆن و مووشەک وەڵامی دانەوە. وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکان، ئێران لە دووەم رۆژی جەنگەکەدا تەنگەی هورمزی داخست، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، ئەمەش شۆکێکی گەورەی بۆ بازاڕەکانی نەوت دروستکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە