رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە مانگی کانوونی دووەمدا، خاوەندارێتیی وەبەرهێنەرانی بیانی لە قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکادا بە بڕی 34.8 ملیار دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 9.31 تریلیۆن دۆلار.
قەواڵەی دارایی بەڵگەنامەیەکە لە بەهایەکی مادیی هەیە و لە بازاڕە داراییەکاندا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.
قەواڵەکان رێگەیەکی سەرەکیی پەیداکردنی پارەن لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و حکومەتەکانەوە، بەتایبەتی وەک قەرز یاخود بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکان.
کڕینی قەواڵەی هەر وڵاتێک بەو واتایە دێت کە پارە بەو وڵاتە دەدرێت، ئەویش بەپێی ماوەی قەواڵەکە، پارەکە بە رێژەی سوودەوە دەگەڕێنێتەوە.
زیادبوونی کڕینی قەواڵەکانی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە لە مانگی 12ـی پار، کڕینی قەواڵەکانی ئەمریکا بە بڕی 88.3 ملیار دۆلار زیادیکردبوو.
ژاپۆن، کە گەورەترین کڕیاری قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکایە، کڕینی قەواڵەکانی بە بڕی 39.8 ملیار دۆلار زیادکردووە. ئێستا ئەو وڵاتە بە بەهای 1.23 تریلیۆن دۆلار قەواڵەی ئەمریکای هەیە.
هاوکات بەریتانیا کە دووەم گەورەترین کڕیار بووە، کڕینی قەواڵەکانی بە بڕی 29.3 ملیار دۆلار زیادکردووە و گەیاندوویەتیە 895.3 ملیار دۆلار.
لەدوای بەریتانیاشەوە چین سێیەم گەورەترین کڕیاری قەواڵە داراییەکانی ئەمریکایە. ئەو وڵاتە لە مانگی کانوونی دووەمدا کڕینی قەواڵەکانی بە بەهای 10.9 ملیار دۆلار زیادکردووە و گەیاندیە 694.4 ملیار دۆلار.
لە بەرامبەردا، خاوەندارێتیی بەلجیکا لە قەواڵە داراییەکان 26.3 ملیار دۆلار کەمیکردووە و گەیشتووەتە 451 ملیار دۆلار.
لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپاش، کڕینی قەواڵە داراییەکان 8 ملیار دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2.13 تریلیۆن دۆلار.
لە مانگی کانوونی دووەمدا، بەهۆی ناکۆکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دانیمارک لەسەر دوورگەی گرینلاند، سندووقی خانەنشینیی دانیمارکی هۆشداریدا کە پلانی هەیە وەبەرهێنانەکانی لە قەواڵەکانی ئەمریکادا بکشێنێتەوە.
زیادبوونی کڕینی قەواڵەکانی ئەمریکا، نیشانەی بەهێزیی متمانەیە بە ئابووریی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ