زیاتر لە 25 هەزار کەس یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە و مووچەی مانگی یەک وەرناگرن

05-02-2025
ئارێز خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 25 هەزار کەس یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە و مووچەی مانگی یەک وەرناگرن؛ ئەوانەش ئەو فەرمانبەرانەن کە دەستهەڵگرتنیان لە 31-12-2024 بۆ کراوە، لە کاتێکدا 22 رۆژی مانگی یەک دەوامیان کردووە، واتە مووچەی 22 رۆژەکەیان فەوتاوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە وەریگرتووە، ژمارەی فەرمانبەرەکان زیاتر لە 25 هەزار کەسن، تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە بۆئەوەی مووچەی ئەو 22 رۆژەیان بۆ خەرج بکرێت؛ لە کاتێکدا مووچەی مانگی 12شیان وەرنەگرتووە.
 
سەبارەت بە کێشەی خانەنشینان کە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئیمتیازاتی یاسای خانەنشینی تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لەدوای 23-11-2022وە خانەشین بوون. رووداو لە سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە زانیویەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا سەرقاڵی نووسینی سکاڵایەکە بۆ دادگەی فیدراڵی و چەند خاڵێک دەخەنەڕوو.
 
لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت: یەکەم، بەگوێرەی دەستووری عێراق دەبێت هەموو هاووڵاتییان یەکسان بن لە مافدا، ناکرێت هاووڵاتییەکی عێراق ئیمتیازاتی خانەنشینی بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو وەربگرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وانەبێت؛ دووەم، ناکرێت لە وڵاتێکدا دوو یاسا بەرکاربن و هەردووکیان پەیوەندیداربن بەیەک، لە کاتێکدا بە دەرچوونی یاسای خانەشینی یەکگرتووی عێراق، یاسای خانەشینی ساڵی 2006 هەڵدەوەشێتەوە کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی پێ خانەنشین کراوە.
 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەغدا قایل بکات بەوەی یاساکە هەموو خانەنشینان بگرێتەوە، کە لە 2014وە خانەنشین بوون نەک تەنیا ئەوانەی دوای 2022، بۆ ئەمەش دەیەوێت ئەو بژارەیە بخاتە بەردەم بەغدا کە ئەو فەرمانبەرانەی لە 2014وە بەگوێرەی یاساکە خانەنشین دەکرێن داوای هیچ قەرەبوویەک ناکەن.
 
بابەتێکی دیکە پەیوەندیی بە ناردن و بەردەوامیی مووچەوە هەیە بۆ مانگەکانی دیکە، بەگوێرەی زانیاریەکانی رووداو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، باسی چۆنێتی جێبەجێکردنی مادەی 12ی یاسای بودجە دەکرێت، کە تازە هەموارکراوەتەوە.
 
قسە زۆربوو لەسەر ئەوەی گەرەنتی هەیە بۆ مانگەکانی دیکە ناردنی مووچە بەردەوام بێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گەرەنتییەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ بکات، ئەمەش دوای سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتراوە و ئەویش هەڵوێستی ئەرێنی بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە