رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا، لە هەرێمی کوردستانیش نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 30 هەزار دینار دابەزی. سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی سلێمانیش رایدەگەیێنێت، کڕینی زێڕ بۆ مامەڵەی کورتخایەن هەڵەیە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات "پەلە لە فرۆشتنی نەکەن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-02-2026، دلێر تاهیر، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی سلێمانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی (تۆڕی میدیایی رووداو) کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "ئەوانەی زێڕ و زیویان هەیە، نابێت لە کاتی دابەزیندا پەلە بکەن لە فرۆشتنی، چونکە ئاراستەی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە و ئاستە پێوانەییە کۆنەکانیش دەشکێنێتەوە."
بەهۆی دابەزینی نرخی ئۆنسە، ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 925 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 80 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 130 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا 60 دۆلار دابەزی و بە 4906 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ ئاستی 4815 دۆلاریش دابەزیبوو. هاوکات زیویش دابەزینی بەخۆوە بینی و ئۆنسەیەک بە 79.30 دۆلارە.
دلێر تاهیر ئاماژەی بەوە کرد، زیو پاشەرۆژێکی روونی هەیە و گوتی: "باشترە زیو بۆ مەودای درێژخایەن هەڵبگیرێت، چونکە بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لە بواری پیشەسازیدا لەسەریەتی، رۆژێک دێت زۆر گران دەبێت."
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە زێڕ بۆ پاشەکەوتی درێژخایەن باشە نەک بۆ چەند مانگێک، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "بانکە گەورەکان و بازرگانەکان یاری بە نرخەکەی دەکەن و جار هەیە چەند مانگێکی دەوێت تاوەکو دەگەڕێتەوە نرخی پێشووی، بۆیە هەڵەیە بۆ چەند مانگێک زێڕ بۆ مامەڵە بکڕدرێت."
لەبارەی خواستی خەڵکیشەوە، دلێر تاهیر باسی لەوە کرد کە دابەزینی نرخەکان خواستی لەسەر کڕین زیاد کردووە، بەتایبەتی لە سلێمانی زێڕی عەیار 18 خواستی زۆری لەسەرە، چونکە بەراورد بە عەیارەکانی دیکە "پتەوترە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ