رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروستبوونی گرفتێکی تەکنیکی لە سەکۆی ئەلیکترۆنی و نەبەستنەوەی بە بەغداوە، کردنەوەی بازگەی باوەمەحموود بە رووی کاڵای هاوردەکراودا دواکەوت؛ پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "تیمێکی تەکنیکی لە بەغداوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە گەیشتوونەتە بازگەکە."
بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە (05-04-2026) بازگەی باوەمەحموود بە فەرمی بە رووی ئەو کاڵا هاوردەکراوانەدا بکرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق دەچن، بەڵام بەهۆی گرفت لە سیستمەکەدا، تاوەکو ئێستا بازگەکە بە رووی بارهەڵگرەکاندا نەکراوەتەوە.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکاتی کاراکردنی سیستمەکەدا گرفتێکی تەکنیکی لە بازگەی باوەمەحموود دروستبووە. تیمی تەکنیکی لە بەغداوە چوونەتە بازگەکە و سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن؛ هەرکاتێک گرفتەکە چارەسەرکرا، بازگەکە کارا دەکرێت."
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، گرفتەکە لە بەستنەوەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی بازگەکە بە بەغداوەیە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت مامەڵەی بارهەڵگرەکان رایی بکرێت. ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە بارهەڵگرەکان لە بازگەکەدا راوەستاون و چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکەن بۆ ئەوەی بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق بەڕێبکەون.
بازگەی باوە مەحموود کە دەکەوێتە نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای دیالە، زیاتر لە هەشت مانگە بە رووی گواستنەوەی کاڵای هاوردەکراودا داخراوە، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی گومرگی لەنێوان دەروازەکانی پەروێزخان و باشماخ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
پێشتر بازرگانان ناچار بوون کاڵاکانیان لە رێگەی بازگەی "چیمەن" لە کەرکووکەوە ببەن بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ شوفێران دروست کردبوو.
سروە محەممەد گوتی: "دەروازەی پەروێزخان تەنیا 40 کیلۆمەتر لە بازگەی باوە مەحموودەوە دوورە. کردنەوەی ئەم بازگەیە ئەو بارگرانییە ناهێڵێت و زیاتر لە پێنج هەزار شوفێر و کاسبکار لێی سوودمەند دەبن."
پێشتر ئەم بازگەیە تەنیا بۆ کاڵای نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بەکاردەهات، بەڵام ئێستا فراوان کراوە و نووسینگەیەکی گومرگی لێ کراوەتەوە. رۆژی 9ی شوباتی 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق فەرمانی کردنەوەی نووسینگەی گومرگیی بازگەکەی دەرکردبوو.
بڕیار وایە ئەو کاڵایانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ناوەڕاست و باشوور، جیاوازیی گومرگییان لێ وەربگیرێت تاوەکو هاوتا بێت لەگەڵ پێناسی نوێی گومرگیی حکومەتی فیدراڵی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ