رووداو دیجیتاڵ
هەشت ئەندامی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن کە مانگی داهاتوو بەرهەمی رۆژانەیان 137 هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکەن. ئەو وڵاتانە هەوڵ دەدەن پشکی زیاتریان لە بازاڕی نەوت هەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2025، رێکخراوی ئۆپێک پڵەس لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەشت لە ئەندامانی رێکخراوەکەیان رێککەوتن کە بۆ مانگی تشرینی دووەم رۆژانە 137 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەمبهێنن بەراورد بە تشرینی یەکەم.
23 وڵات ئەندامی ئۆپێک پڵەسن. هەشت لە دیارترینەکان سعودیە، رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و عومانن.
لەبارەی زیادکردنی بەرهەمی رۆژانەی رێکخراوەکەوە جۆرج لیۆن، لێکۆڵینڤان لە کۆمپانیای ریستاد ئینێرجی رایگەیاند، هەشت وڵاتەکەی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس بە وریاییەوە مامەڵەیان کرد دوای ئەو مەترسییانەی بەهۆی دەنگۆی ئەگەری زیادکردنی بەرهەم بە بڕی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا رووبەڕووی بازاڕی نەوت بوونەوە. دەشڵێت، رێکخراوەکە هەوڵی پاراستنی سەقامگیری و بەشی زیاتر لە فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوتدا بۆ ئەندامانی دەدات.
مانگی رابردوو، رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا، بۆ مانگی تشرینی یەکەم، بڕی 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکەن. رێکخراەکە لە چەند مانگی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی زیاتر لە 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد کردووە.
زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس لەکاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی کردووە لە نێوان 2025 بۆ 2026 خواست لەسەر نەوت 700 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا زیاد بکات. ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی ئۆپێک پێشبینی کردووە، ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت لە 2025دا 1.3 ملیۆن بەرمیل زیاد بکات و لە ساڵی 2026یشدا رۆژانە 1.4 ملیۆن بەرمیل زیاد بکات.
زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەسەوە لەکاتێکدایە رۆژی هەینی نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 65 دۆلاری ئەمریکی بوو، هەفتەی رابردوو بەهۆی مەترسی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەهای هەر بەرمیلێک نەوت 8٪ی نرخەکەی لەدەستدا.
هۆمایۆن فەلەکشاهی، پسپۆڕی نەوت لە کۆمپانیای کیپلەر رایگەیاند، ئیستا رووسیا رۆژانە 9.25 بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێش جەنگ رۆژانە 9.45 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمدەهێنا. ئارن لۆهمان، لێکۆڵینڤان لە کۆمپانیای رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە جیهانییەکان رایگەیاند، جەنگی ئۆکراینا، هێرشەکانی سەر پاڵاوتگەکانی نەوتی رووسیا و سزاکانی سەر مۆسکۆ هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ