ئەنقەرە هۆشداری بە مۆسکۆ و کیێڤ دەدات: ژێرخانی وزە لە شەڕ بەدوور بگرن

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا باڵیۆزەکانی رووسیا و ئۆکراینای بانگهێشت کرد و هۆشداریی دایە هەردوو وڵات کە خۆیان بەدوور بگرن لە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە. وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای رەش، کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیهان و گیرفانی خەڵک دەبێت.
 
ئاڵپ ئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە ئیستەنبووڵ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پەیامیان داوەتە مۆسکۆ و کیێڤ کە "ژێرخانی وزە تێکەڵ بەم جەنگە نەکەن، چونکە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە."
 
هەفتەی رابردوو ئۆکراینا لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کردە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە نەوتی رووسیایان دەگواستەوە. ئەمەش کاردانەوەی تووندی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای لێکەوتەوە و هێرشەکانی بە "چەتەگەری" ناو بردن. پووتین هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئەو کارانە بەردەوام بن، بیر لە "دابڕاندنی ئۆکراینا لە دەریا" دەکەنەوە.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکان، باڵیۆزی هەردوو وڵاتیان بانگهێشت کردووە، چونکە دەیانەوێت "رۆیشتنی وزە لە دەریای رەش و گەرووەکانی تورکیادا بێ پچڕان بێت."
 
ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشاری خستووەتە سەر ئەنقەرە بۆ ئەوەی کڕینی نەوت و گاز لە رووسیا رابگرێت. بەڵام بایراکتار دەڵێت، تورکیا شەفافە و پێویستی بە سەرچاوەی جیاوازی وزە هەیە. هەروەها دانوستاندنەکان لەگەڵ مۆسکۆ بەردەوامن بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی کڕینی گاز کە کۆتایی ئەم مانگە وادەکەی تەواو دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە