رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەپیکور بە رووداوی گوت، ئەوان یەک ملیار دۆلاریان لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەیانەوێت دڵنیابنەوە لەوەی کەی و چۆن پارەکە وەردەگرنەوە.
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ئەمڕۆ میوانی بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداو بوو، کە محەممەد عیزەدین پێشکێشی دەکات، تێیدا باسی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی ئەمڕۆی کرد کە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەندەری جەیهان.
کۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، گرووپی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ لەبەغدا بەڕێوەچوو.
سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، نەگەیشتنە رێککەوتن." کاگینز ئەوەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام گوتی، هێشتا قسەی لەگەڵ هاوکارەکانی لە ئەپیکور نەکردووە و نازانێت کۆبوونەوەکە چۆن بووە.
مایڵز کاگینز دەشڵێ "نوێنەرانی ئەپیکور لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەوە کردەوە؛ دەیانەوێت دڵنیابنەوە لەوەی، کەی پارەی فرۆشی نەوتیان وەردەگرنەوە."
گوتەبێژی ئەپیکور ئاماژەی بە "یەک ملیار دۆلار قەرز"ـی هەرێمی کوردستانی دا و گوتی، پێش هەناردەکردنەوەی نەوت، دەبێت روون بێتەوە کەی و چۆن ئەو پارەیە وەردەگرنەوە.
کاگینز داوایکرد، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، گوێ لە بۆچوونەکانی ئەوان بگرن و، ئەوانیش گوێ لە تێبینییەکانی هەردوو حکومەتەکە دەگرن.
گوتیشی "ئێمە، روونی و دادپەروەریمان دەوێت، دەمانەوێت بە ئاشکرا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دابنیشین و باسی دۆزینەوەی چارە بکەین."
گوتەبێژەکەی ئەپیکور کە لە ئەمریکاوە قسەی بۆ رووداو دەکرد، گوتی "زۆر گرنگە بنەمایەک هەبێت، ئەو کۆمپانیایانەی نەوت کە لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن، هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت وەک ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراقدا کار دەکەن، چونکە لە عێراق ئەو کۆمپانیایانە دەزانن کەی و چۆن پارەی نەوت وەردەگرن و کێشەی داراییان نییە."
تائێستا چەند جارێک وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، "بەمزووانە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە"؛ بەڵام نەبوونی گەرەنتی لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵ، هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى دواخستووە.
پێش دوو رۆژ، کاگینز هەر لە رووداوەوە گوتی "نەبوونی رێککەوتنی فەرمی لەگەڵ حکومەتی عێراق، هۆکاری ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردووەتەوە."
28-2-2025، ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyـی ئەمریکی، رایگەیاند "چاوەڕێ دەکەین لە هەرێمی کوردستانەوە پارەکانمان وەربگرین بەپێی هەموارکردنەوەی بودجە، بەڵام دەبێت رێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت، پاشان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان لەسەر چۆنیەتیی ئەم پارەدانە."
یاساى بوجەى گشتى کە مانگی رابردوو هەموار کرایەوە، بە کاتى 16 دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە.
دەبێت لە 60 رۆژى دواى کارابوونى هەموارەکە، هەولێر و بەغدا لەسەر لایەنێکى راوێژکارى رێکبکەون. ئەو لایەنە راوێژکارییە نرخى خەمڵێندراوى بەرهەمهێنانى نەوت بۆ هەر کێڵگەیەکى نەوتى هەرێمى کوردستان بە جیا دیاری دەکات.
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ