فازڵ نەبی: دەرکردنی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە لە بودجە کاریگەری لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت

06-04-2023
پەیمان محەممەد
 د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە گەشبین نییە و دەڵێت، دەرکردنی خەرجییەکانی ''سیادی و حاکیمە'' لە بودجەی گشتیی عێراق، کاریگەری لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت و کەمی دەکاتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 06-04-2023، د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دەرکردنی خەرجییەکانی ''سیادی و حاکیمە'' لە بودجەی گشتیی عێراق، کاریگەری لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
قەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە، پشکی هەرێمی کوردستان 23 تریلیۆن و 882 ملیار و 653 ملیۆن و 399 هەزار دینارە، بەڵام خەرجییەکانی (حاکیمە و سیادی)ـی لێ دەردەهێندرێت، بڕی 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینار دەمێنێتەوە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار دینار.
 
فازڵ نەبی لەبارەی جیاوازییەکانی خەرجیی سیادی و حاکیمە ئاماژەی بەوە کرد، خەرجییەکانی سیادی هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە تەنیا حکومەتی فیدراڵی دەیکات و لە دانەوەشی بەرپرسیارە. 
 
قەرزە دەرەکییەکانی عێراق کە بڕی 10 تریلیۆن دینارە، دەکەوێتە بازنەی خەرجە سیادییەکان و بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە ''نەدەبوایە بڕی قەرزەکانی دەرەکی لە بودجەی گشتی دەرکرابا". دەشڵێت، ''بەو کارە غەدرێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان کراوە.''
 
فازڵ نەبی زیاتر روونیدەکاتەوە، کاتێک قەرزی دەرەکی لەسەر خەرجییەکانی سیادی دەدەرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش لە دانەوەی بەشدار دەبێت، بەڵام لە وەرگرتنی قەرزە دەرەکییەکان بەشی هەرێمی کوردستان لە 10 تریلیۆنەکە، تەنیا 62 ملیار دینارە، واتا 2٪ یان 3٪ـی قەرزەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام لە دانەوەکەیدا پشکی 12٪ـی بەردەکەوێت کە ئەوە "ستەمێکی گەورەیە."
 
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک کەس دەڵێن پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان 19 تریلیۆن دینار دەکات، ''راستە بە ژمارە 19 تریلیۆن دینارە، بەڵام تەنیا 15 تریلیۆن بۆ هەرێمی کوردستان دێت، لە 15 تریلیۆنەکەش، 400 ملیار دیناری قەرزی پێشووترە و ئەوەشی لێ دەبڕدرێت. ئەوجا دەبێتەوە 14 تریلیۆن و 600 ملیار دینار."
 
رۆژی دووشەممە، 13-03-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق وەکو قەرز بڕی 400 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
 
فازڵ نەبی دەڵێت، ئێستا دوو خەرجی سیادی هەیە، ''یەکەمیان کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانە، کە تریلیۆنێک و 400 ملیار دینارە، دووەم مووچەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەیە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەویش دوو تریلیۆن و 400 ملیار دینارە."
 
بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی-سۆمۆ دەفرۆشرێت و پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش بە کورد دەدرێت.
 
بەگوتەی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، چوار تریلیۆن دینارەکەی خەرجیی کرێی گواستنەوەی نەوت و مووچەی کۆمپانیا نەوتییەکان نادرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان: ''چونکە ئەوانە سیادین و ئێستا بەغدا خۆی لە رێگەی سۆمۆوە نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، کەواتە دەبێ خەرجیی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوەش بدات.''
 
فازڵ نەبی ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان باش لە رێککەوتنەکە تێنەگەیشتوون ''پێویستبوو هەندێک ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژیمان هەبێت، بۆ ئەوەی هەر قسەیەک لە بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر دەکرێت، ئەو ناوەندە وەریبگرێت و لێکدانەوەی بۆ بکات و شی بکاتەوە.''
 
باس لەوە دەکات بڕی بودجەی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان غەدرێکی گەورەی تێدایە و واباشترە مووچەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە خەرجی سیادی بێتەدەرەوە و بچێتە سەر وەزارەتی نەوتی عێراق: ''چونکە وەزارەتی نەوت خەرجیی سیادیی نییە و ئەو کات هەرێمی کوردستان 12.67٪ی پشکی خۆی لە وەزارەتی نەوتیش وەردەگرێت.''
 
فازڵ نەبی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە دەڵێت: ''نە بۆ عێراق و نە بۆ هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گەشبین نیم، ناکرێ لە یاسایەکی بودجەدا لە ساڵی 2021 کە 128 تریلیۆن دینارت هەبووە، یەکسەر زیاد بکرێت بۆ 200 تریلیۆن دینار. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.