رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار دوای ساڵی 2012، نرخی ئۆنسەیەک زیو گەیشتە زیاتر لە 36 دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی، 6-6-2025، نرخی ئۆنسەیەک زیو 48 سەنت بەرزبووەوە و بە 36 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لە دوای شوباتی 2012ـەوە تۆمارکرابێت. تەنیا لەم هەفتەیەشدا نرخەکەی سێ دۆلار، یاخود 9.45٪ بەرزبووەتەوە. ئێستا کیلۆیەک زیو بە هەزار و 215 دۆلارە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زیو بۆ خواستی بەهێزی پیشەسازی و بەردەوامیی کورتهێنان لە خستنەڕوودا دەگەڕێتەوە.
نیتێش شا، ستراتیژیناسی کاڵاکان لە کۆمپانیای ویزدەم تری دەڵێت: "ماوەیەکە چاوەڕێی ئەوەین زیو ئەو بۆشاییەی نێوان خۆی و زێڕ لەڕووی ئاستی نرخەوە پڕبکاتەوە. ئەم کانزایە بنەمای پتەوی هەیە، لەوانە کورتهێنان لە خستنەڕوو و بوونی خواستی بەهێزی پیشەسازی."
رێژەی زێڕ بەرامبەر زیو، کە پیشانی دەدات چەند ئۆنسە زیو پێویستە بۆ کڕینی یەک ئۆنسە زێڕ، ئێستا لە دەوروبەری 94ـە، دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا 105 بوو، کە بەرزترین ئاستی بوو لە مانگی ئایاری 2020ـەوە.
واتە ئێستا نرخی 94 ئۆنسە زیو، بەرامبەر نرخی ئۆنسەیەک زێڕە.
دابەزینی ئەو رێژەیە بەو واتایە دێت کە نرخی زیو بە بەراورد بە زێڕ بەرز دەبێتەوە.
رۆنا ئۆکۆنێڵ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای ستۆنێکس دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی زیو لە ماوەی رابردوودا ئاستێکی نزمتری لە زێڕ هەبووە، پێموایە ئێستا رێژەکە دابەزیوە بۆ خوار ئاستی 100، رەنگە هەندێک مامەڵەی بازرگانی لەسەر بنەمای ئەم رێژەیە ئەنجام بدرێت."
خواست و کاریگەریی پیشەسازی
زیو وەک سەرمایەیەکی پەناگەی ئارام و وەک کانزایەکی گرنگی پیشەسازی ناسراوە، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا بە رێژەی 24% بەرزبووەتەوە. بەپێی ئینستیتیوتی جیهانیی زیو، بەکارهێنانی پیشەسازی زیاتر لە نیوەی خواستی جیهان لەسەر زیو پێکدەهێنێت.
نیتێش شا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو خواستە سەرەڕای ئاستەنگە پیشەسازییە گشتییەکان لە چەند ساڵی رابردوودا بە بەهێزی ماوەتەوە، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی لە پیشەسازیی وزەی خۆر و کارەبایی".
جیۆڤانی ستاونۆڤۆ، شرۆڤەکاری بانکی UBS دەڵێت: "کانزا گرانبەهاکان سوود لە فاکتەری هاوشێوە وەردەگرن، وەک داتا لاوازەکانی ئابووریی ئەمریکا کە پاڵپشتی لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن، ئەمەش لە قۆناخێکی دواتردا دەبێتە هۆی زیادبوونی خواستی پیشەسازی."
هاوکات، نرخی زیو لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 29% بەرزبووەتەوە و چەندین جار ریکۆردی شکاندووە، ئەمەش بەهۆی خواستی وەبەرهێنەران وەک پەناگەیەکی ئارام، چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و کڕینی بەردەوامی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە.
کورتهێنانی خستنەڕوو و دیدگای درێژخایەن
بەپێی ئینستیتیوتی زیو، بازاڕی زیو بۆ پێنجەمین ساڵ لەسەریەک رووبەڕووی کورتهێنانێکی زۆر دەبێتەوە، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت ئەم کورتهێنانە لە ساڵی 2025ـدا بە رێژەی 21% کەمببێتەوە.
نیتێش شا گوتیشی: "بەو پێیەی زیو زیاتر بەرهەمێکی لاوەکیی کانزاکانی دیکەیە، بەرزبوونەوەی نرخەکەی مەرج نییە ببێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی خستنەڕوو. بۆیە رەنگە بازاڕەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لە دۆخی کورتهێناندا بمێننەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ