ژووری بازرگانیی سنە: بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە

07-05-2024
سینا سۆما
سەید کەمال حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە. وێنە: رووداو
سەید کەمال حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران بە رووداوی رایگەیاند، ئەوان بەو سەردانە دڵخۆشن و پێیانوایە ئەو سەردانە رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا.
 
سەید کەمال حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە، کە میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، گوتی، "لە جیهانی ئاڵۆزی ئەمڕۆدا گرنگترین شت ئاشتی و ئاسایش لەنێوان دوو وڵات و چۆنێتی بەدەستهێنانی ئەو ئاشتی و ئاسایشەیە. ئەگەر پەیوەندییەکی سیاسی بناخەکەی پەیوەندیی ئابووری بێت، ئەگەر دوو وڵات پێکەوە بە دووربینی و بە بیرکردنەوەیەکی دوورمەودایانە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوانیان بەهێزتر بکەن، بێگومان کاریگەری لەسەر بوارەکانی دیکەش دادەنێت و دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە هیوادارە کۆمەڵێک رێککەوتنی دوورمەودا لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بکرێت و سەکۆیەک دروست ببێت بۆ داهاتووی ئابووریی هەردوولا.
 
ئاماژەی بە ئامادەبوونی شاندێکی گەورە لە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران کرد و رایگەیاند، "بە هەبوونی ئەو شاندە گەورەیە، مژاری پەیوەندییە ئابوورییەکان لەو دیدار و کۆبوونەوانە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و هیوادارین رێککەوتننامەیەکی باڵا لە بواری بازرگانیدا لەنێوان هەردوولا بکرێت، بۆئەوەی هەردوولامان بتوانین سوود لەو لێکتێگەیشتن و بڕیارانە وەربگرین."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە دووپاتیکردەوە، لەنێوان چوار بۆ پێنج هەزار کەس ئەندامی ژووری بازرگانی پارێزگای سنەن و زۆربەیان خەریکی هەناردە و هاوردەکردنی کەلوپەلن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کار لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
هەروەها گوتی، لە رێگەی دوو دەروازەی فەرمیی باشماخی مەریوان و سەیرانبەنی سەقز و هەروەها چەند بازاڕچەیەکی سنووری، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستاندا هەیە و زۆرتر کەرەستە بیناسازییەکان، سەوزە و میوە لەلای ئەوانەوە هەناردە دەکرێت و لە هەرێمی کوردستانیشەوە، زۆرتر نەوت و سووتەمەنی هاوردە دەکرێت.
 
سەبارەت بە قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان بە دوو شێوەی ترانزێت و هەناردەکار دەکەن و دەڵێت، بڕێک کەلوپەلی وڵاتانی دیکە لە رێگەی پارێزگای سنەوە ترانزێت دەکرێت، کە ئەمە نزیکەی شەش ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا. کەلوپەلی ئێرانیش کە نزیکەی 1.5 تاوەکو 2.5 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا، بەپێی ساڵ دەگۆڕێت.
 
دەشڵێت، بازرگانەکانی سنە گلەیی ئەوە دەکەن کە رێکارە گومرکییەکان لە سنوورەکانی نێوان ئێران - هەرێمی کوردستان و تورکیا - هەرێمی کوردستان جیاوازن و لە دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسانکاریی زیاتر دەکرێت و باجی کەمتر وەردەگیرێت، بۆیە لە کۆبوونەوەکاندا بازرگانەکانی سنە داوایان لێدەکەن ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر بکەن.
 
سەید کەمال حوسێنی ئەوەشی خستەڕوو، چەندین جار بانگهێشتی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهوک، سلێمانی و هەڵەبجەیان کردووە و لە سنە لەگەڵیان کۆبوونەتەوە؛ هیوای خواست ژووری بازرگانیی سنە لەلایەن ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی بانگهێشت بکرێت، بۆئەوەی کێشە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن.
 
بە گوتەی سەید کەمال حوسێنی، هەموو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانی پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستان بە تمەنی ئێرانییە و سەبارەت بە هۆکارەکەشی دەڵێت، "لەبەر ئەوەی هیچ بانکێکی فەرمی لەنێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان کار ناکات، بەهۆی ئەوەی ئێران سزای لەسەرە، ناتوانین مامەڵە بە دۆلار بکەین. زۆر جاریش بەو هۆیەوە بازرگانەکانمان تووشی زیانێکی زۆر دەبنەوە، چونکە دەبێت لە هەمان رۆژدا دۆلارەکە بە نرخی رۆژ بخرێتەوە سەر ژمارەیەکی بانکی بەناوی نیما و دەبێت بگەڕێندرێتەوە نێو وڵات."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە ئاماژە بەوە دەکات کە رێکارەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ سزادانی ئێران و هەروەها رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاست و قەباری ئاڵوگۆری بازرگانیی نێوان پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستان هەبووە و دەڵێت، "بەداخەوە ئالوگۆری بازرگانیمان کەم بووەتەوە، لەم دوو ساڵەی دواییدا بەراورد بە ساڵەکانی رابردوو کەمیکردووە. هیوادارین ئەم سەردان و کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەم قەبارەی بازرگانیمان زیاتر بێت و هەمیش کێشەکانمان چارەسەر ببێت."
 
سەید کەمال حوسێنی رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و لە نێوان 150 تاوەکو 200 ملیۆن دۆلارە، ئەو شەش ملیار دۆلارەش (کە پێشتر باسکرا) ترانزێتە.
 
حوسێنی روونیکردەوە، لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی کۆمەڵێک رێکەوتنیان هەبووە کە تائێستا جێبەجێ نەکراون و گوتی، "بڕیار بوو شارۆچکەیەکی پیشەسازیی هاوبەش، هەم لە دیوی ئێمە و هەم لە دیوی هەرێمی کوردستان لە نزیک پێنجوێن دروست بکرێت، بریار بوو وەربەرهێنەرانی ئێرانی وەبەرهێنانی تێدا بکەن و ئەو کەلوپەلانەی کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، بە وەبەرهێنان و تەکنۆلۆژی ئێرانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێندرێن. بە پێچەوانەش. ئەم رێکەوتنە کراوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە، چاوەروانیمان ئەوەی لەم سەردانەدا، ئەمە بە پراکتیکی جێبەجێ بکرێت."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە، هۆکاری پێشنەکەوتنی سنە لە رووی پیشەسازییەوە بەستەوە بە سنووریبوونی پارێزگاکە کە خەڵکەکەی زیاتر رووی لە بازرگانیی سەر سنوور کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵانی رابردوودا حکومەت کار و پرۆژەیەکی جیدی بۆ پێشخستنی کەرت پیشەسازی پارێزگای سنەی نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە