رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی خاو زیاتر لە یەک دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە و یەکەمین بەرزبوونەوەی هەفتانەی لە سێ هەفتەی رابردوودا تۆمارکرد، ئەمەش دوای راپۆرتێکی ئەرێنیی هەلی کار لە ئەمریکا و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە بازرگانییەکان لەنێوان ئەمریکا و چین، کە هیوای بۆ گەشەی ئابووریی دوو گەورەترین ئابووریی جیهان دروستکردووە.
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، 7-6-2025، لە کاتی داخرانی بازاڕە داراییەکاندا نرخی نەوتی برێنت 1.13 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 66.47 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە سێ هەفتەی رابردوودا تۆمارکرابێت.
نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 1.21 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک گەیشتە 64.58 دۆلار.
نرخی برێنت ئەم هەفتەیە 2.75% بەرزبووەتەوە، نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش 4.9%.
فیڵ فڵین، شرۆڤەکاری باڵا لە گرووپی "پرایس فیوچەرز"، رایگەیاند: "پێموایە راپۆرتی هەلی کار [لە کەرتی تایبەت لە ئەمریکا] لە ئاستێکی نموونەییدا بوو؛ نە زۆر بەرز و نە زۆر نزم، بەڵکو تەواو لەجێی خۆی بوو بۆ ئەگەری دواخستنی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە."
وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابروودا رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەت لە 147 هەزارەوە بۆ 139 هەزار کەس دابەزیوە. رێژەی بێکاریش لە 4.2٪ ماوەتەوە.
ئەمە ئامارە ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر هێزی کار.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خوازیاری بوو، دەتوانێت گەشەی ئابووری و خواست لەسەر نەوت زیاد بکات.
جۆن کیڵدەف، هاوبەش لە کۆمپانیای (ئەگەین کاپیتاڵ) دەڵێت: "بازاڕ نرخاندنی بۆ چەندین ئەگەری خراپی کردبوو، بەڵام هیچ کامیان روویان نەدا. ئۆپێک پڵەس لەسەر بڕیارەکەی خۆی رژد بوو کە زیاتر لە پێشبینییەکان بەرهەمهێنانی نەوت زیاد نەکات؛ دانوستاندن لەنێوان چین و ئەمریکا هەیە؛ هەرچەندە وردەکارییەکان ناڕوونن".
ئاژانسی هەواڵی شینهوای فەرمیی چین بڵاویکردەوە کە رۆژی پێنجشەممە لەسەر داوای واشنتن، دانوستاندن لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا و چین ئەنجامدراوە. ترەمپ رایگەیاند کە پەیوەندییەکە "ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی" هەبووە و گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین و رێککەوتنە بازرگانییەکە لە دۆخێکی زۆر باشدایە."
بانکی "ئێچ ئێس بی سی (HSBC)ـی ئەمریکیش لە یاداشتێکدا رایگەیاند: "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە، بازاڕ لە چارەکی دووەم و سێیەمی ئەم ساڵدا هاوسەنگ دیارە، چونکە خواست لەسەر نەوت لە وەرزی هاویندا زیاد دەکات و لە مانگەکانی تەممووز و ئاب دەگاتە لووتکە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ