پسپۆڕێک: زێڕ دادەبەزێت و دواتر بەرزدەبێتەوە

07-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
چەند قاڵبێک زێڕ. وێنە: Reuters
چەند قاڵبێک زێڕ. وێنە: Reuters
نیشانەکردن شەترەنج لەگەڵ د. ترەیدەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ بۆ ئاستی نزیک 3900 دۆلار یان کەمتر دادەبەزێت و دواتر بەرزدەبێتەوە.
 
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە د. ترەیدەر ناسراوە دەڵێت، "باشتر وایە پلانمان هەبێت بۆ بەرزبوونەوە یان دابەزینی بازاڕ بۆ ئەوەی لە هەردوو حاڵەتدا ئێمە بتوانین ئەو شتەی کە لە بیرمانە جێبەجێ بکەین، نەک ئەوەی بڵێین دەمانزانی دەچێتە سەر یان دەمانزانی دێتە خوارەوە، چونکە ئەوە شانسە." 
 
بازاڕ چاوەڕوانی وەڵامی حەماسە
 
پسپۆڕەکەی بازاڕە داراییەکان ئاماژەی بە چەند هەواڵێکی گرنگ کرد کە کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ دەبێت. لەوانە:
 
- وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حه‌ماس:  د. ترەیدەر پێشبینی دەکات وەڵامەکەی حەماس بۆ ئاگربەست "قبووڵکردنێکی قبووڵنەکردن" بێت، واتە بە مەرجێک بێت کە ئیسرائیل قبوڵی ناکات، ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر ناجێگیریی بازاڕەکان دروست بکات.
 
- داخستنی بازاڕەکانی چین: داخستنی بانکەکانی چین لەمڕۆدا کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی گوشار لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ ، چونکە کڕیارە گەورەکانی لەم کاتەدا چالاک نابن.
 
 دوو سیناریۆ بۆ جووڵەی نرخی زێڕ:
 
سیناریۆی یەکەم؛ دابەزینێکی کاتی و دواتر بەرزبوونەوە: د. ترەیدەر پێشبینی دەکات نرخی زێڕ لە کاتی کرانەوەی بازاڕی لەندەن و دواتردا کڕیاری نەبێت و کەمێک داببەزێت بۆ ئاستەکانی 3909 بۆ 3907 دۆلار، پاشان لەوێوە دەست بە بەرزبوونەوەیەکی نوێ بکاتەوە.
 
سیناریۆی دووەم (دابەزینێکی زیاتر): ئەگەر رووداوەکان بە شێوەیەکی باش بڕۆنە پێشەوە و نرخی زێڕ لە 3900 دۆلار کەمتر بێتەوە بۆ ئاستەکانی 3889 یان 3888 دۆلار، ئەوا لەوێوە دەست بە بەرزبوونەوەی دووەمی خۆی دەکاتەوە.
 
هەڵەی باوی وەبەرهێنەران و گرنگیی زێڕ
 
د. محەممەد ئەمین رەخنەی لەو هەستە گشتییە گرت کە خەڵک پێیوایە دەبێت هەمووان زێڕیان هەبێت یان لە بازاڕی زێڕدا بن. ئەو ئەمەی بە "هەڵەیەکی زۆر گەورە" ناو
 برد و ئاماژەی بەوەدا, بازاڕ هەمیشە دەرفەتی کڕین و فرۆشتنی باش پێشکەش دەکات و پێویست ناکات کەس هەست بە دواکەوتن بکات.
 
سەبارەت بەوەی ئایا زێڕ پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ ئابووریی وڵاتان، د. محەممەد گوتی: "زێڕ هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە ئابووریی ئەو وڵاتە بەهێز بێت یان بەهێز نەبێت." وەک نموونە، ئاماژەی بەوەدا کە کەنەدا، یەکێک لە وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکان، یەدەگی زێڕی سفرە.
 
ئابووریی ئەڵمانیا، دووەم وڵاتی خاوەن یەدەگی زێڕی زۆر، لەم ساڵدا خراپ بووە. لوبنان وەک نموونەیەکی دیکە باسکرا، کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتە عەرەبییەکان لەڕووی یەدەگی زێڕەوە، بەڵام بە گەورەترین قەیرانی ئابووری لە جیهاندا تێدەپەڕێت.
 
رێنمایی بۆ بازرگانان
 
د. ترەیدەر رێنوێنی بارزگانەکان دەکات و دەڵێت، ئێمە دەڵێین لە چ شوێنێک ئەگەری زۆر زیاترە نرخ دابەزێت و لە چ شوێنێک ئەگەری زۆر زیاترە نرخ بەرز بێتەوە.
 
یەکەم خاڵی کڕین؛ د. ترەیدەر چاوەڕێی نرخی 3909 تاوەکو 3907 دۆلار دەکات بۆ بینینی نیشانەکانی کڕیارانی بەهێز.
 
یەکەم خاڵی فرۆشتن؛ نرخی 3969 تاوەکو 3971 دۆلار وەک یەکەم خاڵی نەمانی کڕیاران پێشبینی دەکرێت. ئەمەش نیشانەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەبێت.
 
هۆشداری لەبارەی کاتەکانی کرانەوەی بازاڕ:
 
پسپۆڕەکە هۆشداری دایە بازرگانان لەبارەی مامەڵەکردن لە کاتی کرانەوە و داخستنی کاتەکانی بازاڕە داراییەکان [سێشنەکان]، بەتایبەتی لە کاتی کرانەوەی بازاڕی نیویۆرکدا بۆ ماوەی 45 خولەک و بە هیچ شێوەیەک لە کاتی کرانەوەی بازاڕەکانی ژاپۆن (ئاسیا) مامەڵە نەکەن، چونکە بەهۆی نەبوونی کڕیار و فرۆشیارێکی زۆرەوە، بازاڕەکە بە ئاراستەیەک دەڕوات کە زۆرترین زیان بە بازرگانان دەگەیەنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە