لێدوانێکی ئەنتۆنی فاوچی نرخی نەوتی بەرزکردەوە

07-12-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نرخی نەوت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵەکان لەبارەی کەمیی مەترسیی ئۆمیکرۆن بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 76 دۆلار بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوت گەڕایەوە ئاستی سێ هەفتە لەمەوبەر ئەوەش دوای ئەوەی کە دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان گوتی، ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوی دەلتا سوکترە.
 
هەروەها تەندروستیی باشووری ئەفریقاش راگەیاند، دۆخی تووشبووانی ئۆمیکرۆن تا ئێستا جێگیرە.
 
دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی دڵنیایی دەدات گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا کە بە ئۆمیکرۆن ناسراوە و جیهانی بەگیرهێناوە، لە گۆڕاوی دەلتا مەترسیدارتر نییە، بگرە سووکتریشە.
 
ئەنتۆنی فاوچی لە چاوپێکەوتنیکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، دەتوانین بڵێین کە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن "لە دەلتا قورستر نییە." پسپۆڕە ناودارەکەی نەخۆشییە گوازراوەکان هەواڵی خۆشی لایە لەبارەی گۆڕاوە نوێیەکە، دەڵێت" ئاماژە هەن [گۆڕاوەکە لە دەلتا] سووکتریش بێت".
 
فاوچی بە شێوەیەکی گشتیی زانیاری لەسەر بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی نوێ دەدات، دەڵێت هەمیشە چەند هەفتەیەک یاخود زیاتری دەوێت تاوەکو ئاستی مەترسییان دەزانین، بەڵام دڵنیایی دەدات بۆ ئێستا ئاماژەکان دڵخۆشکەرن و گۆڕاوەکە هێندە مەترسیدار نییە وەکو باسی دەکرێت.
 
دوای ئەوەی مانگی رابردوو گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بۆ یەکەمجار ئەفریقای باشوور ئاشکرای کرد، زیاتر لە 38 وڵات رێوشوێنی نوێیان گرتەبەر و گەشتی ئاسمانییان لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەفریقی هەڵپەسارد، ئەمەش دوای تۆمارکردنی زیاتر لە 250 توشبووی گۆڕاوە نوێیەکە کە پزیشکان چاوەڕوان دەکەن ژمارەی توشبووان زیاتریش بێت تاوەکو بە تەواوی مەترسی ئەو گۆڕاوەیان بۆ رووندەبێتەوە.
 
پسپۆڕان تەنانەت دڵنیایی لەبارەی ئەوەشەوە دەدەن کە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەسەر گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە هەیە و بەرگریی لە دژی دروست دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێستا لە جیهاندا 7.81 ملیار قورچکە ڤاکسین دابەشکراون، 3.33 ملیار کەس بە تەواوی ڤاکسینکراون کە دەکاتە 42.7٪ی دانیشتووانی گۆی زەوی.
 
هاوکات لە جیهاندا تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2021 زیاتر لە 267 ملیۆن توشبووی کۆرۆنا و زیاتر لە 5 ملیۆن و 282 هەزار مردن بە ڤایرۆسەکە تۆمارکرابوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە