نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت؛ لە هەولێر بە 800 دینارە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر دابەزی و لە سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ نرخەکە جێگیرە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت: "بەنزین زۆرە و خواست کەمە بۆیە نرخەکەی دابەزیوە و لە سلێمانیش دادەبەزێت".
 
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرزی کۆمپانیای کار دابەزیوە و بە کۆ لیتری لەنێوان 720 بۆ 730 دیناردایە".
 
لە بەشێکی بەنزینخانەکانی هەولێر نرخی بەنزینی نۆرماڵی کۆمپانیای کار لیتری دابەزیوە بۆ 800 دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی شارەکە دەڵێت: "ئەگەر بەنزینخانەیەک نرخەکەی ئێستا زیاتر بێ ئەوە بەنزینی کۆنی ماوە و دواتر ئەویش نرخ دادەبەزێنێت".
 
جگە لە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، بەنزینی حکومیی کوالێتی بەرز لیتری بە 750 دینار لە هەولێر دابەش دەکرێت و ئەمڕۆ لە 43 بەنزینخانە شۆفێران دەتوانن ئەو بەنزینە وەربگرن. جەنگی مەجید گوتی: "ئەو بەنزینەی دابەش دەکرێت و ئەوەشی بازرگانییە کوالێتییان بەرزە و لە پشکنینی حکومەت دەردەچن".
 
تاوەکو هەفتەی رابردوو لیتری بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرز لە بەنزینخانەکانی هەولێر لەنێوان 850 بۆ 870 دینار بوو.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "هۆکاری نرخ دابەزین زۆرە، بەتایبەت کە مووچە نەدراوە و پارەکە کەمە هاتووچۆ کەم دەبێتەوە، ماوەیەکیشە بەردەوام بارانە، ئەمانە هۆکارن بۆ کەمیی خواست لەسەر بەنزین و دابەزینی نرخەکەی".
 
یەکێکی دیکە لە هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین دابەشکردنی بەنزینی حکومییە، کە بە گوتەی جەنگی مەجید، رۆژانە 900 هەزار لیتر دەدرێتە بەنزینخانەکان و لیتری بە 750 دینار دابەشی دەکەن.
 
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخ تاوەکو ئەمڕۆ جێگیرە و لیتری بەنزینی نۆرماڵی کوالێتیی بەرز بە 875 دینارە".
 
سەرچاوەی بەنزینی سلێمانی چەند شوێنێکە، نێوخۆی شارەکە، هەولێر، ئێران و نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
بە گوتەی جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر: "چەند رۆژێکی دیکە لە سلێمانیش نرخ دادەبەزێت دوای هەولێر، چونکە لێرەوە بەنزین دەگاتە ئەوێش".
 
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان دوو جۆری دیکە بەنزینی بازرگانیی هەن، ئەوانیش موحەسەن، لیتری بە هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 75 دینارە و سووپەر بە هەزار و 200 بۆ هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

راوێژکارێکی سوودانی: دەکرێ دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچەدا هەبێ، بەڵام مووچە نافەوتێ

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، پارەی هەموو مووچەکانی ئەم ساڵ دابین دەکرێ و دۆخی دارایی وڵاتیش جێگیرە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە دواکەوتنی مووچە تەنیا پەیوەستە بە رێکارە تەکنیکییەکانەوە