رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتیی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کە لە هەولێر دەکرێت، بڕیار لە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەدرێت.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، بڕیار لە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانیی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدرێت.
پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 590 ملیار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
گوتەبێژی وەزارەتیی بازرگانیی عێراق گوتی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەروازە سنوورییەکان، دانانی خاڵێکی گومرگی، باج و کۆمەڵێک پرسی دیکەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر کێشە دارایی و ئابوورییەکانی نێوانیان 'بەپێی دەستوور' تاوتوێ دەکەن.
شاندەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بە بەشداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ئەسیر غرێری وەزیری بازرگانی، عەلی عەللاق پارێزگای بانکی ناوەندی و حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئێوارەی دوێنێ (7-9-2024) گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئامانج لە سەردانەکە "بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنە لە بوارەکانی ئابووری و دارایی"، هەروەها "چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە بەجۆرێک خزمەت بە گەلی عێراق بکەن."
هەفتەی رابردوو محەممەد حەنوون بە رووداوی گوتبوو "هەموو شتێک کۆتایی پێهێنراوە و وەزارەتی دارایی 1 ترلیۆن دیناری بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نەینەوا و کەرکووک تەرخان کردووە." گوتیشی "بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە نووسراوێکی وەزارەتی دارایی لەبەردەست سەرۆکوەزیراندایە، ئەویش رەزامەندی داوە و لەم چەند رۆژەدا بە فەرمیی سەرجەم پارەکە بە گوژمەیەک رەوانە دەکرێت."
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش، بە رووداوی گوتبوو "چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین پارەمان بۆ خەرج بکات بۆ ئەوەی ئێمەش دەست بە خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکەین."
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ