زێڕ دەتوانێت بەرگری لە ئاستی 4000 دۆلار بکات؟

08-10-2025
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 4000 دۆلاری تێپەڕاند و تەنانەت گەیشتووەتە 4035 دۆلاریش. ئەوە ئاستێکی زۆر هەستیار و مێژووییە بۆ نرخی زێڕ. ئەگەر بتوانێت لەم ئاستانەدا بمێنێتەوە، دەتوانێت زیاتریش بەرزبێتەوە، بەڵام ئەگەر نەتوانێت بەرگری لە ئاستی 4000 دۆلار بکات، بە ئەگەری زۆرەوە پاشەکشەیەکی کورتخایەن لە نرخی زێڕدا دەبینین.
 
لەڕووی تەکنیکییەوە، زۆربەی پێنوێنەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەهێزی نرخی زێڕ لە ئێستا دا دەکەن، بەڵام پێنوێنی (RSI) کە هێمایەکە بۆ بەهێزی یان سستیی جووڵەی نرخی زێڕ، لە چارتی رۆژانەدا، بەرزبووەتەوە بۆ 88، بە واتایەک، زێڕ لە رادەبەر کڕدراوە و ئەگەری دابەزین و پاشەکشەی هەیە. ئەگەر RSI زیاتر بێت لە 70 هێمایە ئەوەیە، قەبارەی کڕینی زێڕ زۆر بەرزە. RSI کە سادەترین ئامرازی شرۆڤەی بازاڕی داراییەکانە پێمان دەڵێت، پێش ئەوەی نرخی زێڕ بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەی زیاتر، بە ئەگەری زۆرەوە پاشەکشەیەک دەکاتەوە بۆ ئاستی 4000 دۆلار کە ئێستا بووەتە خاڵێکی گرنگی پاڵپشتی بۆ کانزای زەرد.
 
ئامرازەکانی دیکەی شرۆڤەی تەکنیکی وەک (فیبۆناچی)ـیەکان ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 4050 و 4100 دۆلار لە کورتخایەندا پێشاندەدەن.
 
مانەوەی نرخی زێڕ لە ئاستی 4000 دۆلار بۆ چەند کاژێرێک و دووبارە شکاندنی ئەو ئاستە بەرەو سەرەوە، بە ئاسانی نرخی زێڕ تاوەکو 4100 دۆلار و 4170 دۆلار و 4200 دۆلار هاندەدات.
 
ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت بەرگری لە ئاستی 4000 دۆلار بکات و بەرەو خوارەوە بشکێت، نرخی زێڕ دەتوانێت بە خێرایی بگاتە 3950 دۆلار و 3880 دۆلار و تەنانەت 3820 دۆلاریش.
 
ئەمانە هەموو لێکدانەوەی تەکنیکین، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەمڕۆژانە هۆکاری بنەمایی و جیۆسیاسی کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەپێچەوانەی هەندێ هەڵوێستی نەرم کە لە چەند رۆژی رابردوودا نواندی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە دووبارە هەڕەشەی کردووە کە سەدان هەزار کارمەندی فیدراڵی دەنێرێتەوە ماڵەوە، قسەکانیشی هیچ هێمایەکی پێوە دیار نییە کە بەمزووانە حکومەتی ئەمریکا دەکرێتەوە.
 
لە فەرەنساش پارتە راستڕۆکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کردووە.
 
لە ژاپۆنیش، پارتی لیبراڵ دیموکرات کە 70 ساڵە دەسەڵاتی لە ژاپۆن بەدەستەوەیە، هەرچەندە بە ئەگەری زۆرەوە بە ئاسانی حکومەتی نوێ پێکدەهێنێت، بەڵام زۆرینەی رەهای لە پەرلەمان لەدەستداوە و بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی دیکە ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش رۆژ لە دوای رۆژ رەخنەکانیان تووندتر دەکەن بەرامبەر بە (سامای تاکایچی) کە وەک سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات هەڵبژێردراوە.
 
ئاسۆی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و کۆتایی هاتنی شەڕی ئۆکرایناش تەمومژاوییە.
 
رەی دالیۆ، دامەزرێنەری یەکێک لە گەورەترین سندووقەکانی وەبەرهێنان کە 95 ملیار دۆلار سامان بەڕێوەدەبات، لە کۆنفرانسێکدا پێشنیازی کردووە، تەنانەت لەم ئاستە بەرزانەش کە نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 4000 دۆلار، دەبێت وەبەرهێنەران 15٪ـی سامانەکانیان بکەنە زێڕ.
 
دالیۆ سەردەمی ئێستای وەکو ساڵی 1970 چوواندووە کە حکومەتەکان خەرجییەکانیان زیادکرد و بەهای دراوەکان دابەزین و قەبارەی قەرزی سەر وڵاتان کەڵەکە بوو، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەریش سەریهەڵدا. نرخی زێڕ لە نێوان ساڵی 1971 تاوەکو 1980 لە 35 دۆلارەوە بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە بۆ 800 دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە