رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت دابەزی دوای ئەوەی رۆژی رابردوو گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی پێشتر. هەروەها، نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 30 سەنت دابەزی و بە 69 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 31 سەنت دابەزی و بە 68 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرکی بەسەر چەندین وڵاتدا کردووە، بەڵام دوامۆڵەتی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکانی دواخستووە بۆ 1ـی مانگی ئاب.
هەرچەندە پێناسە گومرکییەکان، مەترسی هەیە بەکارهێنانی نەوت کەمبکەنەوە، بەڵام دەستپێکی وەرزی گەشتیاری و هاوین لە ئەمریکا گەشبینی درووستکردووە لە بەکارهێنانی زۆری بەرهەمە نەوتییەکان لەو وڵاتە.
بۆ نموونە لە پشووەکانی رۆژی سەربەخۆی ئەمریکا لە 4ـی ئەم مانگەدا 72.2 ملیۆن ئەمریکی بە ئۆتۆمبێل لانیکەم 80 کیلۆمەتر گەشتی کردووە و لە ماڵی خۆی دوور کەوتووەتەوە. ئەوە هێمایەکە لە وەرزی هاوین خواست بۆ گەشتکردن لە ئەمریکا بە ئەگەری زۆرەوە زیاد دەکات.
نرخی زێڕ بۆ کەمتر لە 3300 دۆلار دابەزی
نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.
رۆژی چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 3290 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بەڕێژەی 50٪ پێناسی گومرکی دەسەپێنێت بەسەر کانزای مس و پێناسی گومرکیش لەسەر چیپ و ئامێری ئەلیکترۆنی و دەرمان جێبەجێدەکات.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە هەڕەشەکانی دووپاتکردەوە لەو وڵاتانەی کە سیاسەتەکانی بلۆکی برێکس جێبەجێدەکەن و جەختی لەوە کردەوە بەڕێژەی 10٪ پێناسی گومرکییان بەسەردا دەسەپێنێت.
پێشتر ترەمپ لەڕێگەی نامەوە 14 وڵاتی ئاگادارکردبووەوە لە زیادکردنی پێناسە گومرکییەکان لە نێوانیاندا ژاپۆن و کۆریای باشوور.
پێنوێنی دۆلار رۆژی چوارشەممە بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی رابردووی خۆی.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایف) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بووەتە هۆکار تاوەکو وەبەرهێنەران روو لە کڕینی قەواڵەی دارایی بکەن و پارەکانیان لە زێڕ بکشێننەوە."
ئەمڕۆ هەروەها کۆنووسی کۆبوونەوەی پێشووی بانکی ناوەندی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و بە ئەگەری زۆر کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ