رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆ، قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی شووتی هەڵگیرا. هەروەها بەهۆی زۆریی تەماتە و پەتاتەی نێوخۆوە هاوردەکردنی بە "قاچاخ راگیراوە".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەماتە بە کۆ نرخی 500 بۆ 600 دینارە، پەتاتە 450 دینارە و هاوردەکردنی بە فەرمی قەدەخەیە".
17ـی ئابی 2025 بەرپرسانی عەلوەکانی سلێمانی و هەولێر بە (رووداو)یان گوت: "هەرچەند هاوردەکردن قەدەخەیە، بە قاچاخ لە دەروازەکانەوە تەماتە و پەتاتەی ئێرانی هاوردە دەکرێت و زیانی زۆر بە بەرهەمی نێوخۆ دەگەیێنێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت: "هاوردەکردنی پەتاتە و تەماتە بە قاچاخ راگیراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە نرخی لەنێوخۆشدا دابەزیوە و بازرگانان خۆیان نایهێنن".
دوێنێ ژمارەیەک جووتیار لە هەڵەبجە لەبەردەم پارێزگای شارەکە گردبوونەوە و رایانگەیاند، هێشتا شووتی سنوورەکەیان پێنەگەیوە و ئەگەر هاوردەکردن دەستپێبکاتەوە ئەوان زیان دەکەن.
رەجەب حاجی عەزیز دەڵێت: "شووتی نێوخۆ لە عەلوەکاندا نەماوە بۆیە لە دوێنێوە بڕیاری هاوردەکردنی دراوە و پێدەچێت ئەمڕۆ شووتی دەرەوە بگاتە هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، شووتی تاوەکو دوێنێ ئەوەی هەبووە بە کۆ لە عەلوەکاندا کیلۆی 800 دینار بووە. گوتیشی: "بەرهەم هیچ نەماوە بۆیە هاوردە دەکرێت".
رەجەب حاجی عەزیز گوتیشی، نرخی خەیاری نێوخۆ ماوەیەکە جێگیرە و لە عەلوە بە کۆ کیلۆی 800 دینارە.
هاوین وەرزی زێڕینی پێشگەیشتنی بەرهەمی سەوزە و میوەی خۆماڵییە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هاوردەکردنیان قەدەخە دەکات تاوەکو کۆتاییهاتنی پێگەیشتنیان قەدەخەکە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ