پسپۆڕێک: زێڕ دادەبەزێت و دۆلار بەرزدەبێتەوە

09-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
زێر و دۆلار
زێر و دۆلار
نیشانەکردن شەترەنج لەگەڵ د. ترەیدەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، دەکرێت ئەمڕۆ زێڕ بەرزبوونەوەیەکی "ساختە" بکات و بگاتە 4071 دۆلار.
 
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە د. ترەیدەر ناسراوە دەڵێت، "ئەم ماوەیە شتێکی سەرنجڕاکێش روویداوە؛ ئەویش ئەوەیە کە هەریەک لە پێنوێنی ویکس، نرخی دۆلار، نرخی زێڕ و پشکەکانیش بەیەکەوە بەرزبوونەوە".
 
ویکس پێنوێنەکە تایبەتە بەوەی سەرمایەدارەکان تاوەکو چەند نیگەرانن لە بازاڕە داراییەکان و خەریکە پارەکانیان دەخەنە نێو کام بازاڕەوە. لە حاڵەتی گرژی و نادڵنیایی ئابووریدا، زیاتر پارەکانیان دەخەنە نێو بازاڕی زێڕەوە، بەوپێیەی وەک پەناگەیەکی ئارام ناسراوە.
 
د. ترەیدەر دەڵێت، ئەوە شتێکی زۆر زۆر دەگمەن بوو کە لە مێژووی بازاڕە داراییەکان نەبینراوە.
 
قسەکانی د. ترەیدەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بڕگەی "شەتڕەنج لەگەڵ د. ترەیدەر" لە کاتی پێشکێشکردنی بووڵتەنی ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح بوو
 
بەهێزبوونی دۆلار و هۆکارەکانی
 
ئەو پسپۆڕە تیشکی خستەسەر پێنوێنی نرخی دۆلار کە لە رۆژانی رابردوو بەرزبووەتەوە. ئێستا نرخی پێنوێنی دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان، 99.02 خاڵە.
 
 د. ترەیدەر دەڵێت، بەرزبوونەوەکە چەند هۆکارێکی هەیە؛ 
 
1. کێشەکانی ناوخۆی ئەورووپا: سەرمایەدارە ئەوروپییەکان بەهۆی کێشەکانی ناوچەی یۆرۆوە، پارەکانیان لە یۆرۆوە دەکەن بە دۆلار.
 
2. سەرمایەی بانکە ناوەندییەکانی ئەورووپا: زیاتر لە 50%ی دارایی بانکە ناوەندییەکانی ئەورووپا بە دۆلارە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ یۆرۆ بەکاردێت.
 
3. داخستنی حکومەتی ئەمریکا: سەرەڕای داخستنی کاتیی حکومەتی ئەمریکا، کە بە شتێکی ئاسایی و کاتی دادەنرێت لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، دۆلار بەهێزتر بووە. 
 
وەک د. ترەیدەر دەڵێت، ئەمە وایکردووە نرخی یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزێت و پێشبینیی دابەزینی زیاتریش دەکات بۆ ئەو دراوە. بەتایبەتیش دوای خۆپێشاندانەکانی فەرەنسا و خراپیی داتا ئابوورییەکانی ئەڵمانیا.
 
پێشبینیی دۆلار
 
د. محەممەد ئەمین پێشبینی دەکات دۆلار بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە دوای تێپەڕاندنی هەندێک ئاستی بەرگری، دۆلار کەمێک پاشەکشەی کاتی (Pullback) دەکات بۆ هەمان ناوچەکانی ئێستا و دواتر بەرزبوونەوەکانی دەست پێدەکاتەوە.
 
د. ترەیدەر پێیوایە پێنوێنی نرخی دۆلار دەگاتە 99.10 خاڵ. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ 98.8 و پاشان دەستدەکات بە بەرزبوونەوە بەرەو 99.4 و پاشان 100 خاڵ.
 
پێشبینیی زێڕ
 
سەبارەت بە زێڕ، د. محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوەدا کە دوای هەواڵی قبوڵکردنی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە، زێڕ کەمێک دابەزیوە، بەڵام دواتر بەرزبووەتەوە. ئەو پێیوایە ئەو بەرزبوونەوەیە "تەسفییە" دەبێت، واتە کڕیارەکان لە بازاڕ کەمدەبنەوە و زێڕ دابەزینێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت.
 
گوتیشی پێشبینی دەکەم ئەمڕۆ زێڕ "بەرزبوونەوەیەکی ساختە" بکات، بەڵام ئەگەر بگاتە ناوچەی 4069 بۆ 4071، ئەوا یەکەم پلەی دابەزین دەستپێدەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە